رووداو دیجیتاڵ
لەسەر راسپاردەی داواکاری گشتیی کۆماری لە ئامەد-ی باکووری کوردستان، هێزە ئەمنییەکان 186 کەسیان بەتۆمەتی "بانگەشە بۆ پەکەکە" دەستگیرکردووە.
رۆژی 21ـی ئاداری 2023، لە یەکەم رۆژی جەژنی نەورۆز، هەدەپە ئاهەنگێکی گەورەی بەبۆنەی نەورۆزەوە لە گۆڕەپانی شارۆچکەی باغڵار لە ئامەد رێکخست.
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ئامەد رایگەیاند، لە کاتی ئاهەنگەکەدا ژمارەیەک لەوانەی هەوڵیان دەدا بەربەستەکان ببڕن و بچنە ناو سەکۆی ئاهەنگەکە و لەلایەن تیمەکانی پۆلیسەوە رێگەیان لێگیرا، بەشێک لەوانە بە بەرد و بوتڵی ئاو پەلاماری پۆلیسیاندا و لە ئەنجامدا ژمارەیەک پۆلیس بریندار بوون.
هەروەها بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ئامەد راشیگەیاندووە، ژمارەیەک لە بەشداربووانی ئاهەنگەکە دروشمی پشتیوانییان بۆ پەکەکە گوتووە و ئاڵای پەکەکە و وێنەی عەبدوڵڵا ئۆجەلانیان بەرزکردووەتەوە و بانگەشەیان بۆ پەکەکە کردووە.
لەمبارەیەوە، لەسەر راسپاردەی سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی کۆماری لە ئامەد لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی "پڕوپاگەندە بۆ رێکخراوی تیرۆریستی" لە ئاهەنگی نەورۆز لە ئامەد دەستیپێکردووە و هێزە ئەمنییەکانیش 186 کەسیان دەستگیرکردووە.
لێکۆڵینەوە و راییکردنی کاروباری دەستگیرکراوەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایش بەردەوامە. پارێزەرە خۆبەخشەکانیش بۆ داکۆکیکردن لە دەستگیرکراوەکان سەردانی داواکاری گشتیی و بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ئامەدیان کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ