رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سەرجەم نیڤشکانان بایۆمەترییان کردووە، کە داواکاریی حکومەتی عێراقە لە هەرێمی کوردستان.
رۆژی شەممە، 22ـی شوباتی 2025، ئاریان ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "بە مەبەستی زیادکردنی فەرمانبەران لە سیستەمی پەیرۆڵ بۆ وەرگرتنی مووچە، بەغدا داوای کرد هەموو فەرمانبەران بایۆمەتری بکەن."
زیاتر لە سێ مانگە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی دەستی بە مامەڵەی بایۆمەتریی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان کردووە. گوتەبێژی وەزارەتەکە دەڵێت، "ئێستا دەتوانین بڵێین هەموو خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، بایۆمەتریان هەیە."
نزیکەی 73 هەزار نیڤشکان مووچە وەردەگرن. ئاریان ئەحمەد گوتی، "لە کۆی ئەم ژمارەیە، کەمتر لە 1000 کەسێک نەیانکردووە، بەڵام وای بۆدەچین ئەمانە مردوون یان لە دەرەوەی وڵاتن، چونکە بە دوای مامەڵەی بایۆمەترییەوە نەهاتوون."
لەبارەی پرۆسەکەوە، گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەڵێت "زۆرباش بەڕێوەچوو، کەمترین کێشەمان هەبوو."
27-10- 2024 بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەر کەسێک مووچەخۆری هەرێمی کوردستان بێت و کۆدی بایۆمەتریی نەبێت، لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە مووچەکەی رادەگیرێت و خۆی بەرپرسیار دەبێت.
زیاتر لە 100 هەزار خاوەن پێداویستیی تایبەت لە هەرێمی کوردستان هەن. ئێستا 73 هەزاریان مووچەیان هەیە، 13 هەزار خاوەن پێداویستیی تایبەتیش پشکنینیان بۆکراوە و چاوەڕێن مووچەیان بۆ ببڕدرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ