رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئایینیی کوردستان - لقی دهۆک دەڵێت، سەگە بەرەڵاکان مەترسییان لەسەر کۆمەڵگە دروستکردووە، بۆیە رەزامەندییان داوە بۆ لەنێوبردنیان. گوتەبێژی شارەوانیی دهۆکیش دەڵێت، "کارەکانی شێڵتەری سەگە بەرەڵاکان لە دوا قۆناخدایە و بەمنزیکانە تەواو دەبێت."
مردن و برینداربوونی هاووڵاتییان بەهۆی پەلاماردانی سەگی بەرەڵاوە لە هەرێمی کوردستان زیادیان کردووە، بەتایبەت لە پارێزگای دهۆک.
رۆژی چوارشەممە 22ی کانوونی دووەمی 2025، د. جیهاد بێسفکی، سەرۆکی لقی دهۆکی یەکێتیی زانایان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوایین جار سەگەکان هێرشیان کردە سەر قوتابییەکی زانکۆ لەناو حەرەمی زانکۆدا، ئەمە جگە لە چەندین رووداوی برینداربوون و مردن لە رابردوودا بەهۆی پەلاماردانی سەگە بەرەڵاکانەوە، نووسراومان بۆ هاتووە و لە مەترسییەکانی ئاگادار کراوینەتەوە."
سەرۆکی لقی دهۆکی یەکێتیی زانایان گوتی، "لەنێوبردنی ئەم سەگانە بە شێوەیەکی شەرعی دەبێت، یەکەمجار دووریان دەخەینەوە؛ دواتر لە لایەن ڤێتێرنەرەکان و لایەنی پەیوەندیدارەوە بە شێوازێکی زانستی و بێ ئازار لەنێودەبرێن."
لەبارەی هۆکاری بڕیارەکە، د. جیهاد بێسفکی گوتی، "سەگە بەرەڵاکان مەترسیی زۆریان لەسەر کۆمەڵگەی دهۆک دروستکردووە، بەردەوام ژمارەیان لە زیادبووندایە، لە بازاڕەکان و هەموو شوێنە گشتییەکان دەبیندرێن."
لە دهۆک شێڵتەر بۆ سەگی بەرەڵا ئامادە دەکرێت. ئیسماعیل مستەفا، گوتەبێژی شارەوانیی دهۆک بە رووداوی گوت، "شێڵتەرەکە تەواو بووە، بەڵام تاوەکو ئێستا سەگی بۆ نەبراوە، چونکە خزمەتگوزاریی ئاو و کارەبای تەواو نەبووە، هەروەها پێویستی بە پێکهێنانی ئیدارەیەکە بۆ بەڕێوەبردنی، لە داهاتوویەکی زۆر نزیکدا تەواو دەبێت و سەگی بۆ دەبردرێت."
هاوکات دکتۆر سلێمان تەمەر، بەڕێوەبەری ڤێتێرنەریی دهۆک بە رووداوی گوت، "زیاتر لە 20 هەزار سەگی بەرەڵا لە پارێزگای دهۆک هەن."
بەڕێوەبەری ڤێتێرنەریی دهۆک هۆکاری زۆربوونی سەگە بەرەڵاکانی پارێزگاکە دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی، "لەنێو زبڵ و خاشاکی شارەکاندا بڕێکی زۆر خواردن هەیە، بۆیە ژمارەی سەگەکان لە گوند کەم بووە و لە شار زیادیکردووە، هەروەها هاووڵاتییان سەگ ماڵی دەکەن و دوای ماوەیەک بەرەڵایان دەکەنە سەر شەقامەکان."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ