ناتەبایی نێوخۆ مەترسی لەسەر پشتوانیی دەرەکی بۆ پێشمەرگە دروستدەکات

21-08-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
ژمارەیەک پێشمەرگە لە مەراسیمی دەرچوونیان لە 22-6-2023 لەدوای 50 رۆژ مەشقکردن، وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
ژمارەیەک پێشمەرگە لە مەراسیمی دەرچوونیان لە 22-6-2023 لەدوای 50 رۆژ مەشقکردن، وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
نیشانەکردن پێشمەرگە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە دواکەوتنی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە لە ئەنجامی ناکۆکیی پارتی و یەکێتی "بێهیوابوون" و ئەگەر چاکسازییەکان وەک ئەوەی لە یاداشتی لێکگەیشتنی نێوان پێنتاگۆن و وەزارەتی پێشمەرگەدا هاتووە، جێبەجێنەکرێن، رەنگە پێنتاگۆن پشتیوانییەکانی بۆ پێشمەرگە بوەستێنێت. ئەمە ئەو زەنگە هۆشدارییە بوو کە کەسی یەکەمی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق و سووریا لە هەولێرەوە لێیدا.
 
ماتیو مکفارلن، فەرماندەی گشتیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش رایگەیاند "بێتوانایی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەدەستهێنانی مەبەست و ئامانجە سەرەکی و قۆناخەکانی نێو یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە، دەکرێت کاریگەریی نەرێنی بخاتە سەر توانای وەزارەتی بەرگریی [ئەمریکا] بۆ بەردەوامبوون لە پێدانی یارمەتیی ئەمنی بە وەزارەتی پێشمەرگە."
 
فەرماندە ئەمریکییەکە جەختی لەوە کردەوە؛ دەستپێکردنی چاکسازی لە دیاریکردنی وەزیرێکەوە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دەستپێدەکات، کە نزیکەی ساڵێکە بەهۆی ناکۆکی حیزبی، وەزیر دەوام ناکات.
 
ماتیو مکفارلن گوتیشی "نەبوونی ئەو کەسە، [وەزیری پێشمەرگە] بووەتە هۆی خاوبوونەوەی چاکسازییەکان و دروستکردنی بارودۆخی نەخوازراو لە پرۆسەی چاکسازییەکە."
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کە هاوکات فەرماندەی گشتیی هێزەکانی پێشمەرگەیە و چەندینجار هەوڵی کۆکردنەوەی لایەنە ناتەباکانی لەسەر مێزی گفتوگۆ داوە، لە نیگەرانییەکەدا لەگەڵ ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، هاوهەڵوێستە. 
 
دوای کۆبوونەوەی رۆژی یەکشەممەی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ مکفارلن و تیمەکەی، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "دوایین پێشهات و هه‌نگاوه‌کانی پرۆسه‌ی چاکسازی له‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و یه‌کخستنه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ و کێشه‌کانی تاوتوێ کران. له‌مباره‌یه‌وه هه‌ردوولا نیگه‌رانیی خۆیان به‌رامبه‌ر گرفت و له‌مپه‌ره‌کانی به‌رده‌م پرۆسه‌که‌‌ ده‌ربڕی."
 
وەزارەتی پێشمەرگە 20 لیوای هەیە کە 54 هەزار پێشمەرگەیان هەیە، 12 لەوانە لیوای هاوبەشن کە مانگانە ئەمریکا زیاتر لە 20 ملیۆن دۆلار مووچەیان بۆ دەنێرێت، بەڵام هێشتا پارتی و یەکێتی، هەریەکەیان نزیکەی 50 هەزار پێشمەرگەیان لە دەرەوەی ئەو لیوا هاوبەشانەدا هەیە، ئەمە وەک لە دوایین راپۆرتی پشکنەری گشتیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا هاتووە. 
 
ناوەندی لێکۆڵینەوەی میدڵ ئیست ئینستیتیوت کە تایبەتە بە لێکۆڵینەوە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بنکەکەی لە ئەمریکایە، لە راپۆرتێکیدا زەنگی مەترسی لێدەدات و دەڵێت "ئەگەر سەرکردە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان نەتوانن لە جێبەجێکردنی چاکسازییەکانی پێشمەرگە جیدی بن، ئەوا لێکەوتەی جیدیی دەبێت." هەروەها دەڵێت "دڵنیاییدان و سستی بۆ بەدەستهێنانی کات، ئەنجامی نابێت. هەستێکی روونی بێهیوایی لەنێو ئەو بەرپرسە سەربازییە رۆژئاواییانەدا هەیە کە کار لەسەر چاکسازییەکان دەکەن. ئەوان دەزانن کە گرژییە مێژووییەکانی نێوان پارتی و یەکێتیی راستەقینەن، بەڵام لەوە نیگەرانن کە سەرکردەکانی کورد دوای چەندین ساڵ لە پشتیوانیی بە جۆشوخرۆشی بیانی بۆیان، خەریکە لێدەگەڕێن دەرفەتێکی زێڕین لەدەستبچێت."
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە