سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی دەستووری هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە

21-08-2022
سیروان عەباس
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

دەستەی سەرۆکایەتیی و سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی پرسی دەستووری هەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە و سکرتێری پەرلەمانیش دەڵێ، "کۆبوونەوەکە دوای نامەیەکی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکرێت کە ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کردووە بۆ دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوە و گفتوگۆ لەسەر دەستوور." 
 
رۆژی یەکشەممە 21ی ئابی 2022، مونا قەهوەچی، سکرتێری پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رۆژی سێشەممە 23ی ئابی 2022، دەستەی سەرۆکایەتی و سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی رەشنووسی هەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە و رای هەموو سەرۆک فراکسیۆنەکان (وەکو نوێنەری لایەنە سیاسییەکان) لەسەر ئامادەکردنی رەشنووسی دەستوور وەردەگیرێت. 
 
مونا قەهوەچی گوتی: "نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان نامەیەکی ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کردووە و داوایکردووە گفتوگۆکان لەبارەی پرسی دەستوور و گەیشتن بە رێککەوتنێکی هەمەلایەنە دەستپێبکەنەوە."
 
رۆژی 10-2-2022، مونا قەهوەچی بە رووداوی راگەیاند، "ئەمڕۆ دوا وادەبوو بۆ وەرگرتنی بۆچوونی فراکسیۆنەکان لەبارەی دەستوور و یاسای هەڵبژاردن، بۆچوونی هەموویانمان بە یەک پاکێج بەدەست گەیشتووە." 
 
لە ساڵی 2009 دەستووری هەرێمی کوردستان نووسرایەوە و پەرلەمان پەسندیکرد، بەڵام بەهۆی ئاڵۆزیی سیاسییەوە رەشنووسەکە نەخرایە گشتپرسی. 
 
لە خولی چوارەمی پەرلەماندا جارێکی دیکە دەستوور لە کۆی زیاتر لە 120 ماددە، 73 ماددەی نووسرایەوە و ئاڵۆزیی سیاسی کۆتایی پێهێنا.
 
سەبارەت بە بۆچوونی لایەنەکان لەسەر ئەو سێ پرسە، سکرتێری پەرلەمانی کوردستان گوتی: "هەموو لایەنەکان جگە لە نەوەی نوێ بە باشیان زانیوە کە هەرێمی کوردستان دەستووری خۆی هەبێت، ئیدی لیژنەکە دروستبکرێتەوە و کار لەسەر ئەو پرسە بکرێت." 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە