ناپاكی لە خوشكی خۆی دەكات

21-08-2019
دیمەن بورهان
A+ A-

رووداو – هەولێر

هاوژینی ناسكە لە بنكەی پۆلیس هاواری دەكرد: ژنەكەم ناپاكیی لەگەڵ كردووم و دەبێ زیندانی بكرێ، ئەو كەسەی پەیوەندی لەگەڵ ژنەكەی تەها هەبووە مێردی خوشكی ژنەكەیەتی. بەقسەی تەها دوا منداڵیان لەو پیاوەیە. دواجار ناسكە و مێردی خوشكەكەی كە ناوی دانایە بەرەو زیندان بران و تەهاش بە كۆڵێ خەمەوە بەرەو ماڵە شێواوەكەی گەڕایەوە.

ناسكە، تەمەن 34 ساڵ، ژنێكی باڵابەرزی گەنمڕەنگە، بەهۆی ناپاكی لە هاوژینەكەی دەستگیركراوە، دەپاڕێتەوە كە هاوژینەكەی لێی خۆشبێ و ماڵی لێتێكنەچێ، بەڵام هاوژینەكەی دەڵێت ئەستەمە لێی خۆشبێ.

چواردە ساڵ پێكەوەبوون

ناسكە چواردە ساڵە هاوژینی تەهایە، خاوەنی سێ منداڵن. چوار ساڵە لەگەڵ مێردی خوشكە بچوكەكەی "نیان" لە پەیوەندییەكی نهێنیدایە "نیانی خوشكم 25 ساڵە. حەوت ساڵ لەمەوبەر شووی بە بازرگانێك كرد بەناوی دانا. ژیانیان زۆر خۆش بوو، پیاوی منیش كرێكار بوو، هەفتەیەك ئیشی هەبووایە دوو هەفتە نەیبوو. رۆژانە سێ هەزار دیناری بۆ جێدەهێشتین، نەمدەزانی بیدەم بە منداڵ یان بە پێداویستی، هیچ زستانێك نەوت لە ماڵماندا نەبووە. لەگەڵ تەها بە خۆشەویستی هاوسەرگیریمان كرد، بەڵام هەژاری بەلاڕێیدا بردم".

ژیانە هەژارانەكەی ناسكە، ناچاری كردبوو پەنا بۆ دانا ببات و داوای پارەی لێ بكات. ناسكە دەڵێت: "رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر لە دانا نزیك دەبوومەوە، ئەویش پارەی زیاتری دەدامێ".

چوار ساڵ لەمەوبەر دانا بە قسەیەك ناسكەی تووشی سەرسوڕمان كرد كاتێك پێیگوت: "ئەوە 500 دۆلار، تاوەكو منیش لە ژیاندا بم، ناهێڵم خۆت و منداڵەكانت پێویستیان بە هیچ ببێ، بەڵام بەو مەرجەی لەگەڵم بخەوی".
ناسكە بەبێ هیچ لێكدانەوەیەك داواكارییەكەی دانای قبوڵ كردبوو " ئیدی لەو رۆژەوە هەر كاتێك تەها لە ماڵ نەبووایە، دانا دەهات. چوار ساڵ بەو جۆرە پەیوەندیمان هەبوو، بەبێ ئەوەی كەس پێی بزانێ".

داوای لێكرد منداڵێكی ببێت

دانا هەر بەوە نەوەستا، بەڵكو داوای لە ناسكە كردبوو كە دەبێ منداڵێكی لەو هەبێ، هەرچەندە خاوەنی سێ كوڕیش بوو لە خوشكەكەی. ناسكە دەڵێت "كاتێك دووگیان بووم، لەگەڵ دانا پێكەوە چووین بۆ لای پزیشك، پێیگوتم كۆرپەكەت پێنج هەفتەیە".

ناسكە و تەها خاوەنی سێ منداڵ بوون، كچێك و دوو كوڕ. كاتێك ناسكە لە دووگیانییەكەی دڵنیابوو، بە تەهای گوتبوو حەز دەكات كچێكی دیكەشی ببێ، بۆ ئەوەی ببنە خاوەنی دوو كوڕ و دوو كچ. سەرەتا تەها رازی نەدەبوو، بەڵام ناسكە زۆر پاڕایەوە تا قەناعەتی بە تەها هێنا.

ناسكە دەڵێت: "سكەكەم شەش مانگ بوو، تەها گومانی كرد، گوتی من و تۆ زۆر نییە بڕیارمان داوە منداڵمان ببێ، كەچی تۆ دەڵێی سكەكەم شەش مانگە! سوێندم بۆ خوارد و ئەویش باوەڕی كرد".

دانا زۆر بە پەلە بوو منداڵەكە بێتە دونیاوە و چەند جارێك بە ناسكەی گوتبوو حەزدەكەم منداڵەكە لە تۆ بچێ. كاتێك ناسكە منداڵەكەی دەبێت، كەسوكاری هەردوولا شۆك دەبن، چونكە هەمان ئەو نیشانانەی لە دانادا هەبوون لە كچەكەشدا هەبوون، چاوەكانیشی وەكو چاوی دانا سەوز بوون. تەنانەت بەبێ پشكنین دەتزانی ئەوە منداڵی دانایە.

دوای چل شەو، تەها تەواو دڵنیا بوو لەوەی ئەو منداڵە هی ئەو نییە. منداڵەكەی برد بۆ پشكنین، بەڵام پێش دەرچوونی ئەنجامی پشكنینەكە دانا و ناسكە دەستگیركران.

ناسكە دەڵێت: "رۆژێكیان دانا تەلەفۆنی كرد و گوتی زۆر بیری كچەكەم دەكەم، تەها لە ماڵ نەبوو، هات و نانمان خوارد، لەو كاتەدا خزمێكی تەها هات بۆ ماڵمان، ماتۆڕێكی كارەبایی لێبوو بردی. هیچی نەگوت و رۆیشت، 10 خولەك دواتر كەسوكاری مێردەكەم دابارینە ماڵەكەمان. 

ئەوەندەیان لە دانا دا، خۆی بەپێوە رانەدەگرت. تەهاش هاتەوە، بەڵام زۆر تێكچووبوو، یەك قسەی بۆ نەكرا، دواتر بانگی پۆلیسیان كرد، گوتم ئەوە مێردی خوشكەكەمە و تەنیا دەعوەتم كردووە، بەڵام تەها گوتی كچێكی لەم پیاوە هەیە، بۆیە دەستگیركراین".

ئەگەرچی لە پشكنین دەرچووە كە منداڵەكە لە دانایە، بەڵام ناسكە هێشتا نكۆڵی لەوە دەكات. ئێستا منداڵەكە دراوەتە ماڵی باوكی دانا. ناسكە و داناش لە زیندانن. ناسكە دەڵێت: "دانا ئامادەیە بمخوازێ، بەڵام براكانم دەڵێن هەر لە زیندان بێیتە دەرەوە دەتكوژین".

هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر سەبارەت بە كەیسی ئەو ژنە بە (رووداو)ی گوت: "ئەو ژنە و مێردی خوشكەكەی لە یەكێك لە بنكەكانی پۆلیس بە بڕیاری دادوەر راگیراون، لە راپۆرتی پزیشكیدا دەركەوتووە منداڵەكەیان لەڕێگەی ناپاكی هاوسەرییەوە هێناوەتە دونیا".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کۆمەڵی دادگەری

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 59 بەربژێری بۆ پەرلەمانی کوردستان هەیە

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 59 بەربژێری لە هەر 4 بازنەکەی هەرێمی کوردستان بۆ پەرلەمانی کوردستان هەیە. سەرۆکی لیستی ئەو حیزبە لە بازنەی هەولێر دەڵێت، خەڵک لە دەرەوەی کۆمەڵیش ویستبێتی لەسەر لیستی ئەوان خۆی بەربژێر بکات، پەسندیان کردووە.