سمکۆی شکاک؛ باوکی ناسیۆنالیزمی کورد

21-07-2016
رووداو @Rudawkurdish
رووداو
رووداو
نیشانەکردن سمایل ئاغای شکاک
A+ A-

 رووداو - هەولێر

سمایل ئاغای شکاک ناسراو بە سمکۆ لە ساڵی 1887 لەدایکبووە. کوڕی محمەمەد ئاغا سەرۆکی هۆزی شکاک بوو. پاش کۆچی دوایی باوکی و کوژرانی جەعفەر ئاغای برای بە پیلانی حکومەتی ئەو کاتی ئێران لە تەورێز، سەرۆکایەتی هۆزی شکاکی گرتەدەست. 

سمکۆی شکاک بە کەسایەتیەکی نیشتمانپەروەر و نوێخواز لەقەڵەم دەدرێت و زۆر کەس بە باوکی ناسیۆنالیزمی کورد ناوی دەبەن. 

هەروەها بەشێک لە مێژوونووسان شۆڕشی سمکۆ بە یەکەم هەوڵی کوردی رۆژهەڵات بۆ سەربەخۆیی دەزانن. 

لە هاوینی ساڵی 1919ی زایینی، سمکۆی شکاک ورمێی لەژێر دەسەڵاتی ئەو کاتی حکومەتی ئێران دەردەهێنا و لە ساڵی 1922 بە دامەزراندنی حکومەتی کوردستانی سەربەخۆ، خۆی وەک پاشای ئەم حکومەتە ناساند و گۆڤاری کوردستان وەک زمانحاڵی حکومەتەکەی دەردەکات. 

نێوبانگی سمکۆ تەنیا لەناو کورددا نەبووە، بەڵکو چەندین راپۆرت لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق، تورکیا، ئێران، رووسیا و بەریتانیا بەتێروتەسلی لەبارەوە نووسراوە. 

رۆژنامەی نیویورک تایمزی ئەمریکیش، یەکێکە لەو بەڵگانە کە لە ساڵی 1922دا لە سەر شۆڕشی سمکۆ نوسیویەتی، حکومەتی کوردستان دامەزرا و لە درێژەی راپۆرتەکەیدا دەڵێت "ئەم کۆمارە بریتییە لە کرماشان، سەڵماس، ورمێ و ئەردەڵان"، هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە، سمکۆ چاوی لە لۆڕستانیشە.

شارەزایان بە 4 خاڵ باس لە هەڵە سیاسییەکانی سمکۆی شکاک دەکەن.

یەکەم: کوشتنی رێبەری ئەرمەنی و ئاشوریەکانی ورمێ.

دووەم: نەکوشتنی سەرداری رەزا شا کە لە ساڵی 1924ی زایینی چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ هەبووە.

سێیەم: هێرشی سوپاکەی بۆسەر شاری مهاباد لە ساڵی1921.

چوارەم: هەست نەکردن بە پلانی کوشتنی و چوونە شوێنێک بۆ ئەوەیکە لەداوی هێزەکانی ئێران بکەوێت.

دوابەدوای سەرکەوتنی سمکۆ، سوپای ئێران بە سەرکردایەتی رەزا شای پەهلەوی هێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر هێزەکانی سمکۆی شکاک و توانیان شاری ورمێ کۆنترۆڵبکەنەوە کە بۆ ماوەی چوار ساڵ لەژێر دەسەڵاتی سمکۆدا بوو، پاشان سمکۆ و هێزەکانی پەناهەندەی تورکیا بوون و لەلایەن حکومەتی ئەو وڵاتەوە چەککران.

لە ساڵی 1924 بە بڕیارێکی لێبووردن سمکۆ گەڕایەوە ئێران و لە ساڵی 1926 جارێکی دیکە شۆڕشی دەستپێکردووە، بەڵام ئەمجارەش شۆڕشەکەی تێکشکا و ماوەیەک لە تورکیا بە دەستبەسەری مایەوە، پاش ئازادکردنیشی گەڕایەوە بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان.

لە ساڵی 1930 بە پیلانێکی کاربەدەستانی ئەو کاتی ئێران، لە شاری شنۆ کوژرا و شۆڕشی 11 ساڵەی سمکۆ شکاک کۆتایی هات.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە