نوێنەرانی کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراوی کوردستان و بانکی ناوەندی کۆدەبنەوە

21-05-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
نوێنەری کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو رایگەیاند، لەگەڵ بانکی ناوەندیی عێراق لە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەی تێکەڵکردنی کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستانن کە نزیکەی 600 کۆمپانیا دەبن.
 
ئەحمەد جاف، نوێنەری کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراوی هەرێمی کوردستان لە رابیتەی کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە عێراق، بەتۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هەفتەی رابردوو کۆبوونەوەیەک لەنێوان نوێنەری زیاتر لە 50 کۆمپانیای ئاڵوگۆڕی دراو لە هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی بانکی ناوەندیی عێراق لەپێناو جێبەجێکردنی بڕیاری تێکەڵکردنی کۆمپانیاکان کرا و لە داهاتوودا کاری زیاتر بۆ چارەسەرکردنی ئەو بابەتە دەکەین".
 
روونیشیکردەوە، "کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا بڕیاری تێکەڵکردنی کۆمپانیاکان وەکو ئەوەی بانکی ناوەندی دەیڵێت جێبەجێ نەکردووە، چونکە تێبینییان هەیە، بەڵام بۆ چارەسەری ئەمە پێویستمان بە پشتیوانیی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت، چونکە تێکەڵکردنەکە لە بەرژوەندیی کۆمپانیاکانیشە و لە وەرگرتنی دۆلار بە نرخی فەرمی سوودمەند دەبن".
 
بەپێی ئامارەکانی رابیتەکە لە عێراق نزیکەی دوو هەزار کۆمپانیای ئاڵوگۆڕی دراو هەبوون، لە دوای بڕیاری بانکی ناوەندی بە تێکەڵکردنیان، بەشێکیان تێکەڵکراونەتەوە، نزیکەی 80 کۆمپانیایان بەتەنیا خۆیان تۆمارکردووەتەوە، 140 کۆمپانیاش لە چوارچێوەی جۆرەکانی (A و B) تێکەڵکراونەتەوە و پڕۆسەکە بەردەوامە؛ ئەحمەد جاف دەڵێت، "بەشێک لە کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان دەڵێن رۆتین لە تێکەڵکردن و کارە کارگێڕییەکان زۆری پێدەچێت".
 
لە هەرێمی کوردستان 600 کۆمپانیای ئاڵوگۆڕی دراو هەن، وەکو ئەو نوێنەرەیان لە رابیتەکە دەڵێت، لە کاتی تۆمارکردن و تێکەڵکردنیان نزیکەی 120 کۆمپانیا دەمێنێتەوە کە مانگانە دەتوانن لە وەرگرتنی 90 ملیۆن دۆلار لە دۆلاری بانکی ناوەندی بە بەهای فەرمی سوودمەند ببن.
 
تاوەکو ئێستا نزیکەی 300 کۆمپانیای ئاڵوگۆڕی دراو لە عێراق لە چوارچێوەی تێکەڵکردنەوە، تێکەڵکراونەتەوە و کارەکانیان لە کۆتاییدایە، پڕۆسەکەش بەردەوامە، بە گوتەی ئەحمەد جاف.
 
بانکی ناوەندی ئێستا لە رێگەی سەکۆیەکەوە بە بەهای 1320 دینار بۆ هەر دۆلارێک، دۆلار دەداتە بانکەکان بۆ ئەوەی بیخەنە بازاڕەوە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش 100 دۆلار لە بازاڕ بە زیاتر لە 145 هەزار دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت.
 
 رۆژی 2ـی کانوونی دووەمی 2023، لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق بە ژمارە 29/س/4 نووسراوێکی ئاراستەی کۆمپانیاکانی ئاڵۆگۆڕی دراو کرد بۆ ئەوەی خۆگونجاندن لەگەڵ رێنماییەکانی ژمارە 1ـی ساڵی 2022ـی هەموارکراوی تایبەت بە رێکخستنی کاری کۆمپانیاکانی دراو بکەن.
 
لە نووسراوکەدا رۆژی 1ـی ئاداری 2023 دیاریکرابوو بۆ ئەوەی کۆمپانیاکان خۆیان لەگەڵ هەمواری رێنماییەکانی رێکخستنی کاری کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو بگونجێنن، بە جۆرێک پێنج کۆمپانیا بکرێن بە یەک.
 
دابەشکردنی کۆمپانیاکان بەپێی جۆرەکانی (A-B-C-D) بەپێی سەرمایەکانیان دەبێت، بانکی ناوەندی دەیەوێت لە رێگەی ئەو رێوشوێنانەوە ژمارەی کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو کەم بکاتەوە.
 
بەپێی رێنماییە نوێیەکان، کۆمپانیای جۆری A سەرمایەی لە پێنج ملیار دینار کەمتر نەبێت و جۆری B دوو ملیار و 500 ملیۆن دینار  کەمتر نەبێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات- هەسەدە.

مەزڵووم عەبدی: بە تووندترین شێوە هێرشە تیرۆریستییەکەی ئەڵمانیا سەرکۆنە دەکەین

مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) سەرکۆنەی هێرشەکەی شەوی رابردووی بازاڕێکی کریسمسی ئەڵمانیا دەکات کە بووە هۆی کوژرانی 5 کەس و برینداربوونی سەرووی 200ـی دیکە.