رووداو دیجیتاڵ
هەڵەبجە لە رۆژی دووەمدا پێشوازی لە گەشتیاران و میوانانی فێستیڤاڵی هەنار دەکات، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری شارەکە دەڵێت، لە دووەم رۆژ و سێیەم رۆژی فێستیڤاڵدا چاوەڕوانی میوانانی شارەکانی باشووری ناوەڕاستی عێراق دەکەین. بەڕێوەبەری کشتوکاڵ دەڵێت:" ئەم ساڵ هەنارمان کەمە، بەڵام نموونەییە. "
رۆژی پێنجشەممە، 29ـی تشرینی یەکەمی 2026، لە دووەم رۆژی فێستیڤاڵی هەناردا پشووی فەرمی لە پارێزگای هەڵەبجە راگەیێندراوە، شارەکە دەیەوێت لە رۆژانی پشوودا پێشوازی لە سەتان هەزار گەشتیاری فێستیڤاڵە بکات.
تۆڕی میدیایی رووداو لەگەڵ دەستپێکی دووەم رۆژی فێستیڤاڵی هەناردا، رووماڵێکی فراوانی فێستیڤاڵەکە دەکات ،محەممەد شێخ فاتیح پێشکێشکاری ئابووری لەگەڵ سازگار سەڵاح پەیامنێری رووداو، رووماڵی چوونی خەڵك بۆ فێستیڤاڵەکە و بازاڕی هەنار دەکەن
چیا قاسم، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، فێستیڤاڵی ئەم ساڵ ئامادەکاری زیاتری بۆ کراوە، چونکە کاتێک فێستیڤاڵێک تەمەنی زیاتر دەبێت، چالاکییەکانی دەنگدانەوەی زیاتر دەبێت. "
ئەم ساڵ 12 یەمین خولی فێستیڤاڵی هەناری هەڵەبجە لە چوار رۆژدا بەڕێوەدەچێت، چیا قاسم گوتی:" " ئەم کچە جوانەی ئێمە(فێستیڤاڵی هەنار) تەمەنی لە یەک ساڵەوە بووە بە 12 ساڵ ناوبانگی زیاتر دەڕوات، کۆمپانیا گەشتیارییەکان خواستی سەردانیکردنیان زیاتر دەبێت".
باسی لەوەشکرد، ناسنامەی فێستیڤاڵی ئەم ساڵ فێستیڤاڵێکی ژینگەدۆستە نابێت فلێسک بەکاربهێنرێت و دەبێت هەموو کەرەستە بەکارهاتووەکان دۆستی ژینگە بن.
رونیشكردەوە، بڕیارە لە رۆژانی سێیەم و چوارەمی فێستیڤاڵەکەدا نزیکەی 20 کۆمپانیای گەشتیاری لە شارەکانی نێوەڕاست و خواروی عێراقەوە سەردانی فێستیڤاڵەکە بکەن، چونکە تیمی تایبەتیان بۆ راکێشانی گەشتیاران ناردووەتە بەغدا.
بەگوێرەی وەزارەتی کشتوکاڵ، ساڵانە لە وەرزی پێگەیشتندا هەرێمی کوردستان نزیکەی 80 هەزار تۆن هەنار بەرهەمی دەبێت، زۆرینەی بەرهەمەکە لە سنووری پارێزگای هەڵەبجەیە کە دەگاتە نزیکەی 35 هەزار تۆن لەسەر رووبەری 10 هەزار 600 دۆنم زەوی.
ستار مەحموود، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەڵەبجە بە رووداوی گوت،" ئەم ساڵ نزیکەی 20 هەزار تۆن هەنارمان دەبێت، لەگەڵ ئەوەی بڕەکەی کەمیکردووە، بەڵام کواڵیتییەکەی زۆر باشە و نموونەییە".
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەڵەبجە هۆکاری کەمی بەرهەمی ئەم ساڵی هەناری بۆ دابەزینی پلەکانی گەرما لە وەرزی بەهاردا گەڕاندەوە و گوتی،" بەهۆی ئەوەی هەنار لە سێ کاتدا گوڵ دەکات، لە کاتی یەکەمدا بەهۆی دابەزینی پلەی گەرما گوڵی نەکرد و تەنیا لە دوو کاتەکەی دیکەدا گوڵی کرد، ئەوەیش بڕەکەی کەمکردەوە، بەڵام کواڵیتیەکەی زۆر باشە".
بە گوێرەی ئامارەکانی کشتوکاڵی هەڵەبجە ساڵانە 85 هەزار دۆنم زەوی بە گەنم دەچێندرێن کە بەرهەمیان دەگاتە 40 هەزار تۆن، جگەلەوەیش زیاتر لە 12 هەزار دۆنم باخی هەیە کە زۆرینەی هەنارە لەگەڵ نزیکەی 95 هەزار دار گوێز و چەند بەرهەمێکی دیکەی وەکو زەیتون.
خاوەن پڕۆژەکان بەرهەمەکانیان لە فێستیڤاڵی هەنار دەفرۆشن
فێستیڤاڵی هەنار لە هەڵەبجە پەیوەست نییە بە تەنیا بەرهەمی هەنارەوە، بەڵکو بەگوێرەی رێکخەرانی، چەندین بەرهەمی خۆماڵی تێیدا بۆ فرۆشتن دەخرێنەڕوو.
ئەم ساڵ هاوشێوەی ساڵانی رابردوو فێستیڤاڵی هەنار بووەتە جێگەی نمایشی دەیان پڕۆژەی گەورە و بچووک کە زۆربەیان لەلایەن گەنجانی هەرێمی کوردستانەوە دروستکراون.
تۆلاس محەممەد، سەرپەرشتیاری براندی داو کە براندێکی تایبەتە بە چنین و دیزاینی داهێنەرانە دەدات بە رووداوی راگەیاند:" لە دیزاینەکاندا گرنگییەکی بە دیزاینە نەتەوەیییەکان دەدەن، لەگەڵ ئەوەشدا لەسەر داواکاری دیزاین دەکەن.
براندی داو دیزاینێکی تایبەتی پێشکێشی رووداو کرد کە مشکییەکی هەورامییە و لۆگەیەکی تۆڕی میدیایی رووداوی لەسەر نەخشێندراوە کە تێکەڵ بووە لەگەڵ شاخی شنروێ و مۆنۆمێنتی کیمیابارانی هەڵەبجە.
بە گوتەی سەرپەرشتیاری براندی داو بەرهەمەکانیان تەنیا بۆ نێوخۆی هەرێمی کوردستان نییە، بەڵکو لە رێگەی داواکاریی و گەیاندنەوە بەرهەمەکانیان دەگەیەنێنە کوردانی دیاسپۆرانشین.
تۆلاس محەممەد دەڵێت: " دیاسپۆرانشینانی پارچەکانی دیکەی کوردستان داواکارییەکی زۆریان لەسەر بەرهەمەکان هەیە، ئەوەیش بەهۆی ئەو رێگری و سانسۆرانەی لە پارچەکانی دیکە لەسەر ئاڵا و سیمبولە نەتەوەییەکان هەیە".
هاوتا سەڵاح خانمێکی گەنجی دیزاینەرە لە پڕۆژەیەکدا بە ناوی کەتان دیزاین کە تایبەتە بە دروستکردنی کەرەستەکانی هەڵگرتن لە چێشتخانەدا، بەرهەمەکانی پڕۆژەکە تەواوکاری پێناسی فێستیڤاڵی هەناری ئەم ساڵە.
هاوتا سەڵاح لەبارەی بەرهەمی پڕۆژەکەیانەوە بە رووداوی رایگەیاند، بەرهەمەکانیان لەو کەرەستانە دروست دەکرێت کە دەتوانرێت بە شێوەیەکی تەندروست خواردمەنییان تێدا هەڵبگیرێت.
ئامانجی پڕۆژەکە لەگەڵ ئەوەی ئامانجی ئابووری هەیە، هاوکات ئامانجی کەمکردنەوەی ئەو کەرەستانەشی هەیە کە زیان بە ژینگە دەگەیێنن لە نێویاندا پلاستیک و نایلۆن. هاوتا سەڵاح گوتی،" ئەو مادانەی لە دروستکردنی کەرەستەکاندا بەکاردەهێنرێن، سەرجەمیان دۆستی ژینگەن"
پڕۆژەی کێڵگەی خاکی شارەزوور یەکێکە لە پڕۆژەکانی دەستی گەنجان، رۆژیار سیروان کە ئەندازیاری کشتوکاڵییە پڕۆژەکەی لەگەڵ دوو گەنجی هاوڕێی دامەزراندەوە.
پڕۆژەکە تایبەتە بە بەرهەمهێنانی پەینی سرووشتی (ڤێرمی کۆمپۆست)، رۆژیار سیروان بە رووداوی راگەیاند:" بیرۆکەی دامەزراندنی پڕۆژەکەیان دوای ئەوە سەرچاوەی گرتووە کە نەیانتوانیووە سوود لە دامەزراندنی حکومی وەربگرن".
ئەو گەنجە لەبارەی پڕۆژەکەیانەوە دەڵێت: "پەیینی سرووشتی دروست دەکەن، لە پرۆسەکەشدا سوود لە پاشماوەی کرمی سوری خاک وەردەگیرێت و دەتوانرێت ببێتە جێگرەوەی هەموو مادە کیمیاییەکان بۆ بەرهەمهێنانی خۆراک و بەرهەمی کشتوکاڵی بە سوودن".
روونیکردەوە، پەینی سرووشتی (ڤێرمی کۆمپۆست) باشترین جۆری پەیینە، هەر جووتیارێک بتوانێت بۆ ماوەی سێ ساڵ لەسەر یەک بەکاریبهێنێت ساڵی دواتر پێویستی پێی نابێت، ئەوەیش کاریگەری لەسەر بەرزکردنەوەی بەرهەم و کەمکردنەوەی خەرجییەکانی دەبێت.
هەڵەبجە چاوەڕێی 500 هەزار گەشتیارە
بەگوێرەی ئاماری رێکخەرانی فێستیڤاڵەکە، ساڵی 2025، زیاتر لە 400 هەزار سەردانیکار، ساڵی 2024 زیاتر لە 285 هەزار سەردانیکار و ساڵی 2023 زیاتر لە 270 هەزار سەردانیکار چووبوونە فێستیڤاڵی هەنار لە هەڵەبجە.
ئەم ساڵ 12یەمین خولی فێستیڤاڵی هەناری هەڵەبجە بەڕێوەدەچێت، لە خولەکانی رابردوو فێستیڤاڵەکە تەنیا سێ رۆژ بووە، بەڵام لە خولەدا کراوەتە چوار رۆژ.
بەرپرسانی هەڵەبجە پیشبینی دەکەن ئەم ساڵ زیاتر لە 500 هەزار گەشتیار تاوەکو 600 هەزار گەشتیار سەردانی فێستیڤاڵی هەنار بکەن.


