رووداو دیجیتاڵ
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، لە کاتی جەنگی ئێراندا ئەمریکا هیچ پلانێکی نەبووە بۆ بەکارهێنان و پڕچەککردنی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دژی تاران. هاوکات پێشنیاز دەکات پرۆسەیەکی ئاشتی لە نێوان ئەو حیزبانە و کۆماری ئیسلامیی ئێراندا دەستپێبکات.
لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رۆژنامەی (زە ناشناڵ)، سەبارەت بە لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ کە گوتبووی چەکیان داوەتە کورد، قوباد تاڵەبانی رەتیکردەوە، چەک بە هەرێمی کوردستان درابێت و گوتی: "هیچ ئاگاداری ئەو چەکە نادیارانە نیم کە ترەمپ باسیان دەکات، نازانم چ جۆرە چەکێک بوون، لە کوێ بوون و دراونەتە کێ، بەڵام دڵنیام نەدراونەتە ئێمە." ئاماژەی بەوەش کرد، لە سەرەتای ململانێکاندا، ئەمریکا دڵنیای کردوونەتەوە هیچ پلانێکی بۆ بەکارهێنانی ئۆپۆزیسیۆنی رۆژهەڵات لە نێو خاکی ئێران نییە و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش تارانی لەو راستییە ئاگادار کردووەتەوە.
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان باسی لەوەش کرد بە مەبەستی بەدوورگرتنی هەرێمی کوردستان لە ململانێی نێوان واشنتن و تاران، هۆشداریی روونیان داوەتە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کە نابێت خاکی هەرێمی کوردستان بۆ هێرشکردنە سەر خاکی ئێران بەکاربهێنن و وەک خۆی دەڵێت: "خۆشبەختانە ئەوانیش پابەند بوون و ئەو کارەیان نەکرد."
سەبارەت بە لێدوانەکانی ئەم دواییەی باڵیۆزی ئێران لە بەغدا کە گوتبووی رێککەوتوون بۆ دەرکردن یان رادەستکردنەوەی ئۆپۆزیسیۆنی کوردی بە تاران، قوباد تاڵەبانی هیچ پلانێکی لەو شێوەیەی پشتڕاست نەکردەوە، بەڵکو لەبری ئەوە پێشنیازی کرد پرۆسەیەکی دیپلۆماسی و ئاشتیانە لە نێوان تاران و حیزبەکانی رۆژهەڵات دەستپێبکات، کە هاوشێوەی پرۆسەی ئاشتیی نێوان تورکیا و پەکەکە بێت.
قوباد تاڵەبانی لەو بارەیەوە گوتی: "لە کاتێکدا هەوڵی بونیادنانی ئاشتی دەدەین لە ناوچەکە، دەرفەتێکیش هەیە بۆ دروستکردنی ئاشتییەکی بەردەوام لە نێوان دەسەڵاتدارانی ئێران و گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی." هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە ئێستا کاتی ئاشتییە و دەبێت لایەنەکان خۆیان رابەرایەتیی ئەو جۆرە پرۆسانە بکەن.


