رووداو دیجیتاڵ
دادگەی تاوانەکانی دوو لە دهۆک سزای لە سێدارەدان بۆ ھاوژین و برایەکی ئەرکان خەیرەدین دەردەکات. ئەرکان لە بەردەڕەش کارمەندی ئاسایش بوو و پار کوژرا.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، تۆمەتبارەکان پارێزەریان نەبووە، دادگە پارێزەری بۆ دانابوون، دانیان بە تاوانەکەیان (کوشتنی ئەرکان خەیرەدین)دا ناوە.
پارێزەر ھێرش رەشید بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو بڕیارەی دادگە دەچێتە دادگەی تەمیز" و پێشبینی دەکات بڕیارەکە پەسند بکرێت، "چونکە ھەموو بەڵگەکان بەردەستن و تۆمەتباران دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە."
ئەرکان خەیرەدین کارمەندی ئاسایش بوو؛ رۆژی 28ـی تشرینی یەکەمی پار لە سەنتەری قەزای بەردەڕەش تەرمەکەی لەنێو خانووی خۆیدا دۆزرایەوە، کە شەوی پێشتر کوژرابوو.
رۆژی 29-10-2023 راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ئاکرێ بڵاویکردەوە، دوو کەس لەسەر ئەو تاوانە دەستگیرکراون.
رۆژێک دواتر، هێمن سلێمان، گوتەبێژی پۆلیسی دهۆک رایگەیاند: "ئەرکان خەیرەدین لە نێو ماڵی خۆیدا بە چەقۆ کوژراوە دوای بەدواداچوون و کۆکردنەوەی بەڵگەی پێویست لە ماوەی کەمتر لە 24 کاژێردا بکوژ ئاشکرا کرا و دەرکەوت رووداوەکە پێشوەختە لە لایەن هاوژین و براکەی پلانی بۆ دانراوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ