رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ سوپای عێراق هەوڵیدا بچێتە نێو شارۆچکەی گرعوزێر، کۆمەڵگەی گزەرک و سیبا شێخ خدرێ لە باشووری شنگال، بەڵام یەکینەکانی بەرخودانی شنگال - یەبەشە و لایەنگرانی و ئەنجوومەنی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری شنگال رێگرییان لێکردن و رێگەیان نەدا بچنە ئەو شوێنانە.
حوسێن جەواد، بەرپرسی یەکەی 20ی سوپای عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، فەوجی 4ی سوپای عێراق لە گوندی میرزا لەنێوان کۆمەڵگەی گرعوزێر و سیبادا جێگیربوون و دوو رۆژی دیکەش هێزەکانیان لە شارۆچکەی گرعوزێر و گوندەکانی دەوروبەری بڵاودەکەنەوە.
دەخیل موراد، جێگری دەستەی سەرۆک هۆزەکانی شنگال سەر بە یەبەشە، بە رووداوی راگەیاند، زیاتر لە سێ ساڵە هێزەکانی یەبەشە لەو ناوچانە بڵاوبوونەتەوە و نایانەوێت شەڕ لەنێوان ئەوان و سوپای عێراقدا دروستبێت.
جێگری دەستەی سەرۆک هۆزەکانی شنگال سەر بە یەبەشە گوتیشی، یەبەشە لەگەڵ جەبار نەعیم، بەرپرسی ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی رۆژئاوای نەینەوا و حوسێن جەواد، بەرپرسی یەکەی 20ی سوپای عێراق کۆبوونەتەوە بۆئەوەی لەوبارەیەوە بگەنە رێککەوتنێک.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ