نێچیرڤان بارزانی: پاڵپشتیی بۆ رۆژنامەڤانان و ئازادیی کاری رۆژنامەگەری دووپاتدەکەینەوە

21-04-2020
فەلاح نەجم
نیشانەکردن نێچیرڤان بارزانی
A+ A-

رووداو - هەولێر

سبەی چوارشەممە 122 ساڵ بەسەر دەرچوونی یەکەم رۆژنامەی کوردی تێدەپەڕێت، سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایدەگەیێنێت، وەك هەمیشە پشتیوانيی خۆیان بۆ رۆژنامەڤانان و ئازادیی كاری رۆژنامەگەری دووپات دەكەنەوە.
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا دەڵێت، "بە بۆنەی 122ـەمین ساڵیادی رۆژنامەگەریی كوردی و دەرچوونی یەكەم ژمارەی رۆژنامەی كوردستان ـی میر میقداد بەدرخانی ره‌وانشاده‌وه‌ كە هاوكاتە لەگەڵ 22ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان، پیرۆزباییەكی گەرم لە سەرجەم رۆژنامەنووسانی كوردستان دەكەم و هیوای سەركەوتن و پێشكەوتن بۆ رۆژنامەنووسان و سەندیكاكەیان دەخوازم".
 
کۆرۆنا لە کوردستان و جیهان بڵاوبووەتەوە و تاوەکو ئێستا زیاتر لە دوو ملیۆن و 518 هەزار کەس تووشبوون، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، رۆڵی رۆژنامەڤانان و میدیاكاران لە بڵاوكردنەوەی هۆشیاريی تەندروستی و خۆپارێزی لەو پەتایە و هاندانی هاووڵاتیان بۆ پابەندی بە رێنماییيەكانه‌وه كاریگەر و بەرچاوبوو، "بە رێزەوە دەینرخێنین".
 
نێچیرڤان بارزانی ئەوەشی گوتووە، "وەك هەمیشە پشتیوانيی خۆمان بۆ رۆژنامەنووسان و ئازادیی كاری رۆژنامەگەری دووپات دەكەینەوە، لە رۆژنامەنووسانیش چاوەڕوانین هەمووان بەرپرسیارانە و پیشەیيیانە، مامەڵە لەگەڵ پرس و بابەتەكان بكەن".
 
دەقی پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان: 
 
بە بۆنەی سەد و بیست و دووەمین ساڵیادی ڕۆژنامەگەریی كوردی و دەرچوونی یەكەم ژمارەی ڕۆژنامەی كوردستان ـ ی میر میقداد بەدرخانی ڕه‌وانشاده‌وه‌ كە هاوكاتە لەگەڵ بیست و دووەمین ساڵیادی دامەزراندنی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان، پیرۆزباییەكی گەرم لە سەرجەم ڕۆژنامەنووسانی كوردستان دەكەم و هیوای سەركەوتن و پێشكەوتن بۆ سەرجەم ڕۆژنامەنووسان و سەندیكاكەیان دەخوازم.
 
ئەم ساڵ كە ئەو یادە دەكەینەوە، كوردستان و جیهان لەبەردەم هەڕەشەی پەتای كۆرۆنا و دۆخێكی نالەباردایە، ڕۆڵی ڕۆژنامەنووسان و میدیاكاران لە بڵاوكردنەوەی هۆشیاريی تەندروستی و خۆپارێزی لەو پەتایە و هاندانی هاووڵاتیان بۆ پابەندی بە ڕێنماییيەكانه‌وه‌، ڕۆڵێكی كاریگەر و بەرچاو بوو، بە ڕێزەوە دەینرخێنین، ئومێدەوارین هەرچی زووترە ئەو بەڵایە لە یەخەی مرۆڤایەتی ببێتەوە و ژیان لە كوردستان و جیهان ئاسایی بێتەوە.
 
لەم یادەدا وەك هەمیشە پشتیوانيی خۆمان بۆ ڕۆژنامەنووسان و ئازادیی كاری ڕۆژنامەگەری دووپات دەكەینەوە، لە ڕۆژنامەنووسانیش چاوەڕوانین هەمووان بەرپرسیارانە و پیشەیيیانە، مامەڵە لەگەڵ پرس و بابەتەكان بكەن، هەمیشە ئەو بڵندگۆیە بن كە هۆشیاری و زانیاريی ڕاست و دروست و هاوسەنگ دەگوازنەوە و پاراستنی ئاشتەوایيی كۆمەڵایەتی و سه‌قامگيريى سیاسی و بەرژەوەندییە باڵاكانی گەل و وڵاتەكەیان لەبەرچاو دەگرن.
 
سڵاو لە یادی ڕۆژنامەنووسانی شەهید و ئەو ڕۆژنامەنووسە پێشەنگانەی ژیانی خۆیان بۆ گەیاندنی ڕاستی و پێشخستنی ڕۆژنامه‌گەریی كوردستان تەرخان كرد.
 
پیرۆزبایی لە سەرجەم ڕۆژنامەنووسان دەكەم، هيوادارم ساڵی داهاتوو لە دۆخێكی لەبار و ئاسوودەدا یادی ئەم ڕۆژە و بۆنەكانی دیكە بكەینەوە.
 
نێچیرڤان بارزانی
 
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
 
21/4/2020

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بنکەیەکی دەنگدان لە هەولێر. وێنە: ئەرشیڤی هەڵبژاردنی عێراق لە 10-10-2021

رووداو ناوی بەشێک لە بەربژێرە سەربەخۆکانی هەولێر بڵاودەکاتەوە

سەرۆکی لقی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان دەڵێت، تاوەکو ئێستا 37 کەس کۆدیان بۆ بەربژێربوون لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان وەرگرتووە و 25 کەسیان بەڵگەنامە و پێداویستییەکانی دیکەیان گەڕاندووەتەوە