رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی دەم پارتی دەڵێت، ئۆجەلان داوای چەکدادانی پەکەکەی کردووە، بەڵام پەکەکەش داوای هەنگاو لە تورکیا دەکات. گوتیشی، پەکەکە دەڵێت ئۆپەراسیۆن بەردەوامە و درۆن دەسووڕێتەوە ناتوانن کۆنگرە ببەستن.
محەممەد روشتوو تریاکی، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە پەرلەمانی تورکیا، میوانی هێڤیدار زانا، پێشکێشکاری تۆڕی میدیایی رووداو بوو لە رووماڵی رێوڕەسمەکانی جەژنی نەورۆ لە ئامەد لە گۆڕەپانی ئاهەنگەکان و گوتی: "سوپرایزمان دەبێت. داوا دەکەین پەیامێک لە ئیمرالییەوە بێت".
روشتوو گوتی، ئەوان تاوەکو ئێستا کاژێر 11:00ـی نیوەڕۆـی 21ـی ئادار، نازانن پەیامی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەڕی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بۆ نەورۆزی ئامەد دەبێت یان نا.
ئەو پەرلەمانتارەی دەم پارتی گوتی: "داوای ئێمە ئەوەیە پەیام هەبێت، بۆچی؟ لەبەر ئەوەی لە دوای 27ـی شوباتەوە ئێمە زیاتر لە 100 شار و شارۆچکە گەڕاوین و لەگەڵ گەل دا گفتوگۆمان کردووە، خەڵک گومانی هەیە و باوەڕی بە دەسەڵاتداران کەمە؛ گومانی لە حکومەتی هاوبەشی ئاکپارتی و مەهەپە هەیە، بۆیە پێویستە دەسەڵاتداران هەنگاو بنێن، بەڵام لەو کاتەوە تاوەکو ئەمڕۆ هەنگاوێک کە دڵ و باوەڕی گەل خۆش و بەهێز بکات نەنراوە. لەبەرئەوەی گومان هەیە، ئەمڕۆ پەیامێک لە ئیمرالییەوە بێت باوەڕی گەل بە چارەسەری زیاتر دەبێت".
محەممەد روشتوو تریاکی باسی لەوەکرد، شاندی ئیمرالی لەگەڵ هەموو لایەنەکانی تورکیا بە ئاکپارتی و مەهەپەشەوە کۆبوونەوەتەوە و گوتویانە، دەبێت دەوڵەت هەنگاو بنێت، بەڵام؛ "هەلومەرجی زیندانی ئیمرالی هیچ گۆڕانێکی تێدا نەکراوە و بەرامبەر کێشەکانی گەلی کوردیش هیچ هەنگاوێک نەنراوە".
ئەو پەرلەمانتارەی دەم پارتی گوتی، دەسەڵاتدارانی تورکیا جەخت لە پەیامی 27ـی شوباتی ئۆجەلان دەکەنەوە کە داوای لە پەکەکە کردووە کۆنگرە بکەن؛ خۆیان هەڵبووەشێننەوە و چەک دانێن. گوتیشی: "پەکەکەش لای خۆیەوە دەڵێت، بۆ پێکهێنانی ئەوە دەبێت هەندێک هەلومەرج گۆڕانکارییان بەسەردا بێت. ئۆپەراسیۆنەکان بەردەوامن، فڕۆکە لەسەر سەرمانە، درۆن 24 کاژێر هەن، ئۆپەراسیۆن لە رۆژئاوای کوردستان بەردەوامە، رۆژانە دەیان کەس دەستگیر دەکرێن، لەم هەلومەرجەدا ئێمە چۆن کۆنگرە بکەین".
بە گوتەی روشتووبێت: "هەندێک کەس باوەڕیان بە پڕۆسەکە نییە، لەنێو پەکەکەشدا ئەوە هەیە، بۆیە دەبێت دۆخی ئۆجەلان گۆڕانی تێدا بکرێت و بۆ ئەوەی بتوانێت پەیامی زیاتری هەبێت و قەناعەت بە پەکەکەش بهێنێت".
نوێنەری شاری ئێلیهـ لە لە پەرلەمانی تورکیا ئاماژەی بەوەشکرد: "تاوەکو ئەمڕۆ دەسەڵات بە فەرمی نەشی گوتووە، با پەکەکە خۆی هەڵبووەشێنێتەوە و چەک دابنێت دوای ئەوە ئێمەش هەنگاو دەنێن".
پەرلەمانتارەکەی دەم پارتی کە لە گۆڕەپانی نەورۆزی ئامەدەوە راستەوخۆ بۆ رووداو قسەی دەکرد گوتی: "درووشمی نەورۆز بریتییە لە (نەورۆزی ئازادیی؛ کۆمەڵگەی دیموکرات پێکبهێنین) ئەویش لەبەر ئەوەیە کورد هیوای بە ئازادییە".
محەممەد روشتوو گوتی: "ئازادی زمان و مافی کورد نییە، تاوەکو ئێستا ناوی شار، شارۆچکە و گوندە کوردییەکانیش هەر بە تورکییە، چاند و هونەر کورد قبووڵ ناکرێت، زمانی دایک قبووڵ ناکرێت. ئێمە نەمانگوتووە دەوڵەتێکی سەربەخۆ، گوتوومانە ئازادی بۆ گەل، ئێمە دەمانەوێت کێشەی کورد بە دیموکراتی چارەسەر بکرێت، بەڵام هەموو شتێک لەدەستی کورد دا نییە و هێزی گەورە لەدەست دەسەڵاتداراندایە، تەنیا بڵێن یان چەک دابنێن یان هەمووتان دەکوژین، هیچ شتێک بەوە چارەسەر ناکرێت".
ئەو پەرلەمانتارە لە بارەی پرۆژەیان بۆ زمانی دایک و مافی زیندانییان گوتی: "ئێمە کۆمیسیۆنێکمان دروستکردووە. بۆ بنەماکانی مافی مرۆڤ خەباتی زۆر دەکرێت، کۆمیسیۆنەکە بۆ مافی کوردان و زیندانیان دامەزراوە، بۆ لابردنی ئەو قەدەخانەیە لەسەر پەروەردەی کوردی و داننەنان بە کورد دا."
لەبارەی میوانانی نەورۆزی ئامەدەوە پەرلەمانتارەکەی دەم پارتی کە سەرپەرشتی نەورزۆی ئەو شارەی باکووری کوردستان دەکەن گوتی، جیا لە وڵاتان، لە باشووری کوردستانەوە هەموو لایەنەکان، لە نێویاندا پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتیی نیشتمانی کوردستان و نوێنەری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشدار دەبن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ