رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی ئامەدی باکووری کوردستان لەبارەی پرۆسەی چارەسەری دەڵێت، رۆڵی گرنگ دەکەوێتە ئەستۆی هەرێمی کوردستان، هەروەها دەشڵێت، ''رێگەی ئاشتی تەڵە و بەلاڕێبردنی زۆری تێدایە و دەبێت بەسەریاندا زاڵبین''.
چەنگیز چاندار، پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە مەیدانی نەورۆز لە ئامەدی باکووری کوردستان، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ هیڤیدار زانا گوتی، ''ئەمە نەورۆزی ئاشتی و دیموکراسییە. بەتایبەتی کە ئەمە نەورۆزی دوای بانگەوازە مێژووییەکەی 27ـی شوباتی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلانە. بۆیە گرنگی خۆی هەیە''.
پەرلەمانتاری دەم پارتی لەبارەی کۆبوونەوەی شاندی پارتەکەی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا گوتی، ''ئەو (ئەردۆغان) گوتی دوای جەژن. ئەگەر هێشتا هەر لەسەر قسەکەی خۆی بێت، چاوەڕێ دەکرێت لە دوو هەفتەی سەرەتای نیسان بکرێت''.
سەبارەت بە ئازادکردنی ئۆجەلان چاندار گوتی: ''لەو قۆناخەی تێیداین، عەبدوڵڵا ئۆجەلانیش خۆی ناڵێت با من لە ئیمرالی دەربچم و لە شوێنێکی تورکیا یان هەر شوێنێکی دیکەی ئەو جیهانە بژیم. بەڵکو ئەوەی پێویستە بکرێت، ئاسانکردنی هەلومەرجەکانی ئیمرالی، رێخۆشکردن بۆ پەیوەندی لەگەڵ خەڵک، کەسانی سیاسی و میدیاکان، بتوانێت لەگەڵیان کۆببێتەوە، لە پێگەیەک بێت، بتوانێت کاریگەرانە رۆڵی سیاسیی خۆی بگێڕێت. بۆیە دوای بانگەوازەکە چاوەڕێی شتێکی وەهامان دەکرد، هێشتا هیچ شتێک نەکراوە، پێویستە ئەمە بکرێت''.
ئەو پەرلەمانتارەی دەم پارتی باسی دەسگیرکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵی کرد و گوتی، ''ئێستا هەندێک هەوڵ بۆ سەر سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ هەن، ئەمانە شتی باش نین''.
لەبارەی پرۆسەی چارەسەری، پەرلەمانتارەکەی دەم پارتی گوتی، ''رێگەی ئاشتی هەموو جۆرە بەلاڕێدابردنێک و تەڵەیەکی تێدایە. بۆیە دەبێت لەو رێگەیەدا بە سووربوونێکی سیاسییانە بەم رێگەیەدا هەنگاو بنێین و بەسەر هەوڵی تێکدەرانەدا زاڵ ببین. ئێستا بەداخەوە، لەلایەن دەوڵەتەوە، هەندێک ئاماژەی بەلاڕێدابەر هەن، پێویست ناکات هەبن. هیوادارین کاتی بن''.
پەرلەمانتاری دەم پارتی جەختیکردەوە، هەرێمی کوردستان رۆڵی زۆر گرنگی لە چارەسەرکردنی پرۆسەی چارەسەری هەیە و گوتی: ''لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا و دەسەڵاتی تورکیادا پەیوەندییەکی باش و نزیکیان هەیە. لە دۆخەکە تێدەگەن، ئەوانیش لە شوینێکی ئەم پرۆسەیەدا هەن''.
چاندار گوتیشی، ''دوو سێ هەفتە بەر لە ئێستا بەڕێز نێچیرڤان بارزانی لە کۆڕبەندی هەولێر، لە گوتاری کردنەوەیدا کە هێشتا عەبدوڵڵا ئۆجەلان بانگەوازەکەی نەکردبوو، بە جۆرێک باسی نێوەڕۆکی پەیامەکەی کرد، ئەو گوتی با یەکسەر لە هەفتەیەک یان دوو هەفتەدا چاوەڕێی هیچ شتێک نەکەین، کۆنگرە دەبەستن. ئەو کاتە هێشتا بانگەوازەکەی ئۆجەلان لە ئارادا نەبوو، دوای دوو رۆژ ئۆجەلان بانگەوازەکەی کرد''
پەرلەمانتاری دەم پارتی باسی لەوە کرد، پرسی کورد و بابەتی پەکەکە دوو شتی لێک جیان، ''با وای دابنێین، پەکەکە کۆنگرەی بەست، چەکی دانا و خۆی هەڵوەشاندەوە، باشە ئەی دوای ئەمە؟ لە دوای ئەمە کارێکی گەورە دەستپێدەکات، بە کۆتاییهاتنی پەکەکە، پرسی کورد و داواکارییەکانی کورد کۆتاییان نایەن، پرسی کورد، بەر لە پەکەکەش هەر هەبوو، پەکەکە هەرخۆی بەرهەمی پرسی کوردە''.
چاندار پێیوایە، دانانی قەییوم بەربەست بۆ پرۆسەی چارەسەری دروست دەکات. دەشڵێت، پێویستە لە چوارچێوەی دەستووردا مامەڵە لەگەڵ مافەکانی کورد بکرێت و وکەشێکیان بۆ بڕەخسێندرێت، ''ئەوانیش هەست بکەن، دەوڵەتی تورکیا هی ئەوانیشە''.
لەبارەی پرسی کورد و بابەتی پەکەکە، چاندار پێیوایە دوو شتی لێک جیان و دەڵێت: ''با وای دابنێین، پەکەکە کۆنگرەی بەست، چەکی دانا و خۆی هەڵوەشاندەوە، باشە ئەی دوای ئەمە؟ لە دوای ئەمە کارێکی گەورە دەستپێدەکات، بە کۆتاییهاتنی پەکەکە، پرسی کورد و داواکارییەکانی کورد کۆتاییان نایەت، پرسی کورد، بەر لە پەکەکەش هەر هەبوو، پەکەکە هەر خۆی بەرهەمی پرسی کوردە''.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ