رووداو دیجیتاڵ
دەستەى دەستپاکیى عێراق رایگەیاند، زیاتر لە 10 ملیۆن دۆلار لە کێڵگەیەکى نەوتى زیقار بەهەدەر دراوە و بەڕێوەبەرى گشتیى کۆمپانیاى نەوتى شارەکەش پێنج کەسی یەک خێزانى دامەزراندووە و یەکێکیان بە نایاسایی چەند پارچە زەوییەکى پێدراوە.
دەستەى دەستپاکیى عێراق رایگەیاند، ئەو دۆسیەیە لە رێگەى نووسینگەى لێکۆڵینەوەکانى ئەو دەستەیە لە پارێزگاى زیقار ئاشکرا بووە، لە دواى پشکنینى دەزگاى هەواڵگریى نیشتمانى و راپۆرتى هۆبەى وردبینیى دەرەکى و پسپۆرانى تەرخانکراو بۆ ئەو پرسە.
بەگوێرەى لێکۆڵینەوەکان دەرکەوتووە؛ "سەرپێچى هەبووە لە تۆمارى مانگانەى بەکاربردنى کۆمپانیایەکى ئیتاڵى کە لە کێڵگەى نەوتى غەراف لە زیقار کاردەکات و لە پشکنینى تاقیگەیی نموونەیی رێژەى بەرهەمهێنان و هەناردە دەرکەوتووە کە زیاتر لە 10 ملیۆن دۆلار بەهەدەر دراوە."
کێڵگەى غەراف دەکەوێتە سنوورى ناحیەى رەفاعى لە پارێزگاى زیقار یەدەگەکەى زیاتر لە حەوت ملیار بەرمیل نەوتە و بەرهەمى رۆژانەى دەگاتە نزیکەى 100 هەزار بەرمیل.
دەستەى دەستپاکیى عێراق ئاماژەى بەوەداوە کە لەو لێکۆڵینەوانەدا دەرکەوتووە کە "بەڕێوەبەرى گشتیى کۆمپانیاى نەوتى زیقار پێنج ئەندامى یەک خێزانى بەگرێبەست و کرێى رۆژانە دامەزراندووە و یەکێکیان زیاد لە پارچە زەوییەکى بە نایاسایی وەرگرتووە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ