رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی فراکسیۆنی بابلیون لە پەرلەمانی کوردستان وەڵامی لاهوور شێخ جەنگی دەداتەوە و دەڵێت، دەنگۆی بەشداریکردنی هێزی رەیان کلدانی لە هێرشەکەی لالەزار و کوژرانی برازایەکی دوورە لە راستییەوە.
رۆژی شەممە، 19ـی ئەیلوولی 2026، دانا ئامانج، سەرۆکی فراکسیۆنی بابلیون بە رووداوی گوت: "گوتەکانی رۆژی پێنجشەممەی رابردوو لاهوور شێخ جەنگی لە دادگە کە گوایە رەیان کلدانی هێزی ناردووە بۆ لالەزار و برازایەکی کوژراوە، راست نییە. ئەو شەڕە لەنێوان دوو ئامۆزادا روویدا و هیچ پەیوەندییەکی بە بزووتنەوەکەی ئێمەوە نییە."
سەرۆکی فراکسیۆنی بابلیون ئاماژەی بەوە کرد: "لاهوور شێخ جەنگی بێ بەڵگە قسە دەکات، بەوپێیەی رەیان کلدانی هیچ برازایەکی نییە تاوەکو لە شەڕەکەی لالەزاردا کوژرابێت."
پێنجشەممەی رابردوو لاهوور شێخ جەنگی برایە دادگە و بەگوتەی پارێزەرەکانی، لە دانیشتنەکەدا گوتوویەتی، لە هێرشەکەی سەر لالەزاردا چەکداری رەیان کلدانی بەشداربوون و برازایەکیشی لە هەمان شەودا کوژراوە.
دانا ئامانج گوتی: "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هێزێکی زۆری چەکداری هەیە و پێویستی بەوە نییە رەیان کلدانی هێزی بۆ بنێرێت. ئەو قسانەی لاهوور شێخ جەنگیش تەنیا بۆ ئەوەیە بزووتنەوەی بابلیون لە هەرێمی کوردستان ناشیرین بکات."
لە وەڵامی ئەوەی گوایە لاهوور شێخ جەنگی گوتوویەتی، رەیان کلدانی سیخوڕی ئەو بووە، سەرۆکی فراکسیۆنی بابلیون دەڵێت: "کلدانی سەرۆکی بزووتنەوەیەکی گەورەی عێراقە و هیچ کات پێویستی بەوە نەبووە وەک سیخوڕ مانگی بە چوار هەزار دۆلار سیخوڕی بۆ لاهوور شێخ جەنگی بکات."



