رووداو دیجیتاڵ
دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق تاوتوێى دوو سکاڵا دەکات کە بۆ هەڵوەشاندنەوەى هەردوو وەزارەتى شەهیدان و کاروباری ئەنفالکراوان، ئەوقاف و کاروبارى ئایینى پێشکێشى کراون، تاوەکو بکرێنە دەستەى سەربەخۆ.
یەکەم دانیشتنى دادگە لەسەر ئەو دوو سکاڵایە لە 23ى کانوونى یەکەمى 2024 دەکرێت، کە لەلایەن کەسێکەوە بەناوى خالید موستەفا حوسێن تۆمارکراون.
لە یەکێک لە سکاڵاکاندا کە دەست تۆڕى میدیایی رووداو کەوتووە، داواکراوە وەزارەتى ئەوقاف و کاروبارى ئایینى هەڵبوەشێندرێتەوە، بەو پێیەى دژى پێنج مادەى دەستوورى عێراقە.
ئەو سکاڵایە پشتى بە بڕگەکانى یەکەم و سێیەمى مادەى 103ی دەستوور بەستووە کە باس لەوە دەکات وەقفەکان دەستەى سەربەخۆن لە رووى دارایی و کارگێڕییەوە و دەبێت ببەسترێنەوە بە ئەنجوومەنى وەزیرانەوە، مادەکانى دیکە کە لەو سکاڵایەدا کە پشتیان پێبەستراوە 2 و 14 و 37 و 43ى دەستوورن و پەیوەندارن بە مافى پێکھاتەکانەوە.
یاساى وەزارەتى ئەوقاف و کاروبارى ئایینیى هەرێمى کوردستان لە ساڵى 2007 لە پەرلەمانى کوردستان دەرکراوە، سکاڵاکار داوا دەکات ئەو یاسایە بە نادەستوورى بناسێندرێت، پەرلەمان ناچار بکرێت دیوان بۆ ئایین و مەزهەبە جیاوازەکان پێکبهێنێت و ببەسترێنەوە بە ئەنجوومەنى وەزیرانەوە.
سکاڵاکەى دیکە داوا دەکات دادگەى باڵاى فیدراڵى وەزارەتى شەهیدان و کاروبارى ئەنفالکراوانى هەرێمى کوردستان بە نادەستوورى بزانێت کە بە گوێرەى یاسای ژمارە 8ى ساڵى 2006 پێکهێندراوە و پەرلەمان و حکومەتى هەرێمى کوردستان ناچار بکرێن دەستەیەک بە ناوى دامەزراوەى شەهیدان پێکبهێنن کە سەر بە ئەنجوومەنى وەزیران بێت و لە رووى دارایی و کارگێڕییەوە سەربەخۆ بێت و یاسایەکى بۆ دەربکرێت.
بەگوێرەى سکاڵانامەکە کە دەست تۆڕى میدیایی رووداو کەوتووە، سکاڵاکار پشتی بە سێ مادەى دەستوورى عێراق بەستووە، لەوانە: مادەى 104 کە باس لەوە دەکات دەستەیەک بە ناوى دامەزراوەى شەهیدان پێکبهێنرێت و دەستەکە بەسترابێتەوە بە ئەنجوومەنى وەزیرانەوە.
لەو سکاڵایەدا داوا کراوە کە وشەى "ئەنفالکراوان: لەو دەستەیە یان وەزارەتەکەى ئێستا لابدرێت، بەو پێیەى بەگوێرەى سکاڵاکە وشەکە لە قورئاندا هاتووە و پێچەوانەى حوکمەکانى ئایینى ئیسلامە."
شەرمین بەهجەت خدر، بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتیى کاروبارى یاسایی پەرلەمانى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، ئاگانامەى ئەو دوو سکاڵایەیان پێگەیشتووە، بەڵام ئامادەى دانیشتنەکان نابن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ