راوێژکارێکی پارێزگاری سەلاحەدین: لە خوورماتوو سەرژمێری بەبێ کێشە بەڕێوەدەچێت

20-11-2024
سۆران حوسێن
نیشانەکردن سەرژمێری 2024
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق و هەرێمی کوردستان، سەرژمێری لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بەردەوامە. راوێژکارێکی پارێزگاری سەلاحەدین دەڵێت، لە خوورماتوو سەرژمێری بێ کێشە بەڕێوەدەچێت.
 
کاوە شێخانی، راوێژکاری پارێزگاری سەلاحەدین بۆ کاروباری حکومەت و هەرێم، رۆژی چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "چەند گرفتێکی بچووکی هاتووچۆ هەبوون چارەسەرکراون کارەکانی سەرژمێری بە رێکوپێکی بەڕێوەدەچن".
 
بە گوتەی کاوە شێخانی، ئەو کوردانەی لە دەرەوەی قەزای خوورماتوو دەژین و بۆ سەرژمێری گەڕاونەتەوە قەزاکە، لە سەرژمێریدا تۆمارکراون و پرۆسەی تۆمارکردنیش بەردەوامە.
 
راوێژکاری پارێزگاری سەلاحەدین ئاماژەی بەوەشکرد: لە سەنتەری شاری تکریت ژمارەیەک خێزانی کورد هەن و بێ کێشە تۆمارکراون.
 
سبەی دوایین رۆژی قۆناخی سێیەمی سەرژمێرییە. وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ رایگەیاند، پشووی سەرژمێری بۆ 12ـی مانگی داهاتوو درێژکردەوە بۆ ئەو فەرمانبەر، ئەفسەر و کارمەندانەی خەڵکی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانن.
 
هەر ئەمڕۆ گوهدار محەممەد عەلی، سەرۆکی کەرتی تەکنیکی و مەیدانی لە سەرژمێریی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "دەبێت یەکێک لە ئەندامانی ئەو خێزانانەی لە ناوچە کێشەلەسەرەکانن بمێننەوە، چونکە تاوەکو ئەمڕۆ ژمارەی کارتی نیشتمانییان لە فۆڕمەکەدا نەنووسراوە و دەبێت رۆژانی دوای 22ـی مانگ تۆماری بکەن".
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە