رووداو دیجیتاڵ
هونەرمەند گۆڤار ئەنوەر بە نەخۆشی لە تەمەنی 44 ساڵیدا کۆچی دواییکرد.
ئەیام ئەکرەم، هونەرمەندی شاری هەولێر بە رووداوی راگەیاند، هونەرمەند گۆڤار ئەنوەر، ئەمشەو شەممە بە نەخۆشی کۆچی دواییکرد.
گۆڤار ئەنوەری تەمەن 44 ساڵ، لەم دوو ساڵەی دواییدا تووشی چەند نەخۆشییەک ببوو، دوای ململانێیەکی زۆر ئەمشەو شەممە 20-8-2022 کۆچی دواییکرد؛ ئەیام ئەکرەم، هونەرمەند و هاوڕێی نزیکی هەواڵەکەی بۆ رووداو پشتڕاستکردەوە.
پێشتر گۆڤار ئەنوەر لەبارەی نەخۆشییەکانییەوە بە رووداوی راگەیاندبوو، "تووشی چەند نەخۆشییەک بووم، لەوانە دڵ، کۆبوونەوەی ئاو لەناو سکم، بوورانەوە و ئاوسانی جەستە."
گۆڤار ئەنوەر، لە ساڵی 1978 لە گەڕەکی کورانی شاری هەولێر لەدایکبووە و وەکو فەرمانبەر لە بەڕێوەبەرایەتیی هونەری شانۆ کاریکردووە.
لە ساڵی 1993 بەشداریی لە یەکەم کاری هونەری کردووە لە شانۆگەرییەک لە قوتابخانەی ئیبن خەلەکان، بۆ یەکەمجاریش لە ساڵی 1997 بەشداریی کورتەفیلمێکی کردووە بەناوی "منم دکتۆر"، بەشداریی لە 5 فیلمی سکرین، 2 کورتەفیلم، فیلمێکی سینەمایی درێژ و دەیان شانۆ و درامادا کردووە.
گۆڤار ئەنوەر لەگەڵ ئەیام ئەکرەم، لە رەمەزانی ساڵی 2020دا لە رادیۆی رووداو بەرنامەیەکی کۆمێدیا و تەنزئامێزیان بەناوی (19 پێکەنین)ەوە پێشکێشکرد کە کاتی بڵاوبوونەوەی یەکەم شەپۆلی سەختی کۆرۆنا (کۆڤید 19) بوو، ئەو بەرنامە دەنگدانەوەیەکی زۆری لە کوردستان و لەنێو کوردانی تاراوگەشدا هەبوو و هاونیشتمانییان لە دەرەوە و ناوخۆی کوردستاندا پەیوەندییان پێیانەوە دەکرد.
یەکێک لە بەرنامەکانی گۆڤار ئەنوەر و ئەیام ئەکرەم لە رادیۆی رووداو
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ