عەلوەی سلێمانی: 75%ی کڕیاری بەشێکی بەرهەمەکانمان پارێزگاکانی دیکەی عێراقن

20-07-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هەناردەکردنی سەوزە و میوەی هەرێمی کوردستان بۆ پارێزگاکانی دیکەی عێراق بەردەوامە. بەرپرسێکی کشتوکاڵ لە هەولێر دەڵێت، رۆژانە زیاتر لە 300 بارهەڵگر بەروبوومی جووتیاران دەنێرنە نێوەڕاست و خوارووی عێراق. بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانیش دەڵێت، 75%ی کڕیاری بەشێكی بەرهەمەکانی سنوورەکە، شارەکانی دیکەی عێراقن.
 
هۆشیار جەلیل، بەرپرسی چاودێریی گومرگی کشتوکاڵ لە هەولێر ئەمڕۆ شەممە 20-07-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئێستا رۆژانە پشتگیری بۆ زیاتر لە 300 بارهەڵگر بەرهەمی نێوخۆیی دەکەین بۆئەوەی بارەکانیان ببەنە پارێزگاکانی نێوەڕاست و خوارووی عێراق."
 
بارهەڵگرەکان جۆراوجۆرن و کشتوکاڵی هەولێر تێكڕا بە 15 تۆن بۆ بارهەڵگرێک پێشبینی دەکات. ئەو بارەشی دەیبەن زۆرینەی پەتاتە، پیاز، خەیار، کولەکە، خەیار، کەلەرم، باینجان، بیبەر، تەماتە، بامێ، شووتی، کاڵەک، کوولەکەیە.
 
بەهۆی بچووکی عەلوەی هەڵەبجەوە، زۆرینەی بەرهەمەکانی پارێزگاکە دەبرێتە عەلوەکانی سلێمانی و لەوێ ساخ دەکرێتەوە. لە سلێمانی رۆژانە نزیکەی 70 بارهەڵگر بەروبوومی خۆماڵی دەبرێتە پارێزگاکانی دیکەی عێراق.
 
هەر ئەمـڕۆ سەروەر عەلی، بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئێستا هاووڵاتییانی عەرەب خۆیان دێن لێرە بەرهەم دەکڕن و دەیبەنەوە پارێزگاکانی دیکە."
 
سەروەر عەلی گوتیشی، رۆژانە زیاتر لە 600 تۆن شووتی و 500 تۆن خەیار دەبرێتە عەلوەی سلێمانی و لەو ژمارەیە زیاتر لە 75%ـی دەبرێتە پارێزگاکانی دیکەی عێراق.
 
هاوکات بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک بۆ رووداو، مانگی رابردوو نزیکەی 40 هەزار تۆن بەرهەمی سنوورەکە رەوانەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق کراوە.
 
ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک ئەمڕۆ شەممە بە رووداوی گوت، "هەناردەکردنمان بەردەوامە و رۆژانە نووسراوی پشتگیری بۆ جووتیارانی سنوورەکەمان دەکەین بۆ ئەوەی ئاستەنگییان بۆ دروست نەکرێت لەکاتی بردنی بەرهەمەکانیان بۆ نێوەڕاست و خوارووی عێراق."
 
هاوین وەرزی زێڕینی پێگەیشتنی سەوزە و میوەی نێوخۆی کوردستانە؛ لەو وەرزەدا زۆرینەی ئەو بەرهەمانەی لە نێوخۆ بەرهەم دەهێندرێن، هاوردەکردنیان قەدەخە دەکرێت یان باجی زۆریان دەخرێتەسەر.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی ورمێ.

پلاندانانی ورمێ: بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکان پێویستمان بە 262 ملیۆن دۆلارە

سەرۆکی رێکخراوی بەڕێوەبردن و پلاندانانی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکانی پارێزگاکە کە بەشی زۆریان راگیراون، پێویستیان بە زیاتر لە 262 ملیۆن دۆلارە.