لە کەرکووک پۆلیسێک بە تۆمەتی بەرتیل دەستگیرکرا و فەرمانی گرتنیش بۆ بەرپرسەکەی دەردەکرێت

20-06-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

دەستەی دەستپاکیی عێراق، بە تۆمەتی وەرگرتنی "بەرتیل" رێپێدراوێکی پۆلیسیی کەرکووک دەستگیردەکات و فەرمانی دەستگیرکردن-یش بۆ بەرپرسەکەی دەردەکات.
 
دەستەی دەستپاکیی عێراق رۆژی پێنجشەممە، 20-06-2024 لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، نووسینگەی لێکۆڵینەوەی دەستەی دەستپاکیی پارێزگای کەرکووک، سکاڵای کەسێکی بەدەست گەیشت، لەسەر ئەوەی بەڕێوەبەری نووسینگەی بەشی ئاسایشی کارمەندانی کەرکووک- کاروباری ناوخۆ (لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق) لە بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای کەرکووک، لە بەرامبەر بەردانی ئۆتۆمبێلە دەستبەسەرداگیراوەکەی داوای بەرتیلی لێکردووە. 
 
دەستەی دەستپاکی عێراق دەڵێت، دوای دڵنیابوونەوە لە زانیارییەکان و وەرگرتنی رەزامەندی دادگە، تیمێکیان پێکهێنا و لە بۆسەیەکدا رێپێدراوێکی پۆلیسی بەشی ئاسایشی کارمەندانی ناوخۆی کەرکووک-یان لە شەقامێکی شارەکە دەستگیرکرد، کە نێوەندگیری وەرگرتنی پارەکەی کردووە و بە پارەکەوە دەستگیرکراوە.
 
رێپێدراوەکەی پۆلیس بە گوێرەی مادەی 307 لە یاسای سزادانی عێراقی بە دۆسیەکەیەوە براوەتە بەردەم دادوەریی لێکۆڵینەوە. 
 
دادوەر بڕیاری راگرتنی داوە. لەگەڵ ئەوەشدا، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ بەڕێوەبەری نووسینگەی بەشی ئاسایشی کارمەندانی کەرکووک- کاروباری ناوخۆ دەرکردووە، کە ئەو بەڕێوەبەرە، پلەی موقەدەمە. 
 
عامر نووری، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک رۆژی پێنجشەممە، 20-06-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو نووسینگەیە سەر بە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی کەرکووک نییە، بەڵکو راستەوخۆ سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عێراقە".
 
گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک، گوتیشی: "نووسینگەکە وەک دەستەی دەستپاکیی لایەنێکی چاودێرییە، کاری سەرەکی چاودێریکردنی کاروباری کارمەندانی پۆلیسی کەرکووکە، کە بەرپرسەکەی بە وەرگرتنی بەرتیل تۆمەتبار کراوە".
 
بە گوێرەی مادەی (307)، لەیاسای سزادانی عێراقی، هەر فەرمانبەرێک، یان هەرکەسێك خزمەتی گشتی پێسپێردرا و ئەگەر داوای دیارییەکی کرد، یان رازی بوو دیارییەک یان سوودێک وەرگرێت، یاخود بەڵێنی شتێکی پێ بدرێ بۆ خۆی یان کەسێکی تاوەکو کارێک بکات لە کارەکانی فەرمانبەریەتییەکەی یان ئەرکەکانی فەرمانبەریەتییەکەی پێشێل بکا، سزا دەدرێ بە زیندانیکردن بۆ ماوەیەک، کە 10 ساڵ زیاتر نەبێ، یان بەندکردن و پێبژاردن زیاتر نەبێ لەوەی داوایکردووە، یاخود پێی دراوە، کە لە هیچ بارێک نابێ زیاتر بێ لە 75000 دینار. 
 
هەر بە گوێرەی مادەکە سزاکەی دەبێتە زیندانی بۆ ماوەیەک زیاتر نەبێ لە 7 ساڵ یان بەندکردن، ئەگەر رازی بوو بە وەرگرتنی دیارییەکە، دوای جێبەجێکردنی کارەکە یاخود پێشێلکردنی ئەرکەکانی فەرمانبەرێتی.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە