رووداو - هەولێر
لە دوو رۆژی داھاتوودا لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان پرسی کردنەوەی مزگەوتەکان لە مانگی رەمەزان تاوتوێ دەکات.
نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە کۆبوونەوەی رابردووی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستاندا بابەتی کردنەوەی مزگەوتەکان گفتوگۆی لەبارەوە کراوە، لە دوو رۆژی داھاتوودا لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەم بابەتە تاوتوێدەکات، ھەرشتێک لەبەرژەوەندیی ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستاندا بێت لیژنەکە و وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی و وەزارەتی تەندروستی بڕیاری لەبارەوە دەدەن و لەکاتی پێویستدا بڕیارەکە رادەگەیێندرێت.
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی باسی لەوە کرد، بەرپرسیاریەتی ئایینی و نیشتیمانی و مرۆیی و تەندروستی وادەخوازێ کە ئارامبگرین تاوەکو بڕیار لەم بارەوە دەدرێت.
لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان، حکومەتی هەرێمی کوردستان مزگەوت و شوێنە گشتییەکانی دیکەی داخست و تاوەکو ئێستاش مزگەوتەکان نەکراونەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ