رووداو دیجیتاڵ
تۆڕی میدیایی رووداو زانیاریی ورد لەبارەی دۆسیەی کوشتنی شەش ئەندامی خێزانێک لە سەیدسادق بڵاودەکاتەوە. بە گوێرەی هێزە ئەمنییەکان بۆ رووداو، "هۆکاری رووداوەکە هیچ پەیوەندی بە موڵک و پارەوە نییە و پەیوەندی بە دەمەقاڵێیەکەوە هەبوو لەسەر ریشی تۆمەتبار".
کاژێر 11:10ـی شەوی رابردوو خێزانێکی شەش کەسی لە گوندی گرێزە لە قەزای سەیدسادق لە پارێزگای سلێمانی کۆمەڵکوژ کران. سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بکوژەکە کوڕێکی خێزانەکە بووە".
باوکی منداڵەکان کارمەندی کارەبای سەیدسادق بووە، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتییەکەی دەڵێت: "ئەو پیاوە هیچ کاتێک کێشەی نەبووە و بە رێکوپێکی ئەرکەکانی راپەڕاندووە".
چی لە کامێراکانی چاودێری بینراوە؟
بە گوێرەی بەدوادچوونی رووداو، لەنێو ئەو ماڵەی رووداوەکەی تێدا روویداوە کامێرای چاودێری هەبووە، ئەو رێگەیەی دەگاتە ماڵەکە کامێرای تێدایە. بە گشتی هێزە ئەمنییەکان هاردی نزیکەی 15 کامێرایان بردووە و لێکۆڵینەوەی تێدا دەکەن.
هێزە ئەمنییەکان پشتیان بە شایەتحاڵان بەستووە لە لێکۆڵینەوەی سەرەتاییدا. بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداو، "پۆلیس لەگەڵ چەندین کەس و هاوسێی کوژراوەکان قسەیکردووە و هەموویان جەختیان کردووەتەوە، کە ئەو ماڵە هیچ کێشەیەکی موڵک و ماڵ و پارەیان نەبووە".
ئەوەی لەکامێرای چاودێرییەوە بۆ هێزە ئەمنییەکان پشتڕاستبووەتەوە، "جگە لە کوڕی ماڵەکە هیچ تۆمەتبارێکی دیکە لە دەرەوەی ماڵەکە نییە".
هۆکاری رووداوەکە
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە هێزە ئەمنییەکان بە رووداوی گوت: "بکوژەکە ناوی بەشیر سالارە، لە دەرەوەی وڵات بووە و چەند رۆژێک بوو گەڕابووەوە، لەوێ بووەتە کەسێکی پەڕگیر؛ ریشێکی گەورەی داناوە و هەر لەسەر ئەو ریشە رووداوەکە روویداوە".
سەرچاوەکەی رووداو کە ئاگاداری وردەکاریی دۆسیەکەیە گوتی: "باوکی بەشیر نەشتەرگەری بۆ کراوە و ماڵەوەیان بە بەشیریان گوتووە، ئەم ریشە لاببە و میوانی زۆرمان دێت و جوان نییە، ئەوەش ناڕەزایی تووندی ئەوی لێکەوتووەتەوە و بووەتە دەمەقاڵێیان، بەڵام لەوکاتەدا میوانیان چووە بێدەنگ بوون و دوای میوانەکان رووداوەکە روویداوە".
پۆلیس سەرەتا گومانیان لەوە هەبووە کەسێک لە دەرەوەی خێزانەکە بکوژ بێت. ئەفسەرێک کە چووەتە شوێنی رووداوەکە بە رووداوی گوت: "تەرمەکان لە ماڵەکەدا بوون، سەرەتا گوتمان رەنگە کێشەی کۆمەڵایەتی و عەشایەری بوو بێت و بکوژ هەڵاتبێت، سەیری کامێراکانمان کردەوە، کە باشیش بووە ئەم شەو کارەبا نەبڕاوە، دەرکەوت هیچ بێگانەیەک ناچێتە ماڵەکەوە، ڤیدیۆمان هەیە بەشیر خۆی چەکی پێ بووە، سەرەتا لە ژوورێکدا دوو بۆ سێ کەس دەکوژێت، دواتر خۆشی دەردەکەوێت کە تەقە دەکات، پاشان خۆیشی دەکوژێت".
بە گوێرەی زانیارییەکان، بۆ دڵنیابوونەوەی زیاتر لە دۆسیەکە، پۆلیس ڤیدیۆکانی پیشانی برایەکی تۆمەتبارەکە داوە، ئەویش پشتڕاستیکردووەتەوە کە کەسی تەقەکەر کوڕەکەی خۆیانە.
ناسنامەی قوربانییەکان
سالار محەممەد، باوکی منداڵەکان، لەدایکبوونی 1970
نیهایەت قادر، دایکی منداڵەکان، لەدایکبوونی 1975
یارا سالار، کچ، لەدایکووبی 2018
سیما سالار، کچ، لەدایکبی 2005
سەهەند سالار، کوڕ، لەدایکبووی 2015
بەشیر سالار، تۆمەتبار، لەدایکبووی 1998
هەر شەش کەسەکە بە چەکێکی کڵاشینکۆڤ کوژراون. تەرمەکانیش لە یەک گوللـە تاوەکو زیاتر لە سێ گوللەیان بەرکەوتووە.
لەو خێزانە دوو کوڕ و کچێک لە ژیاندا ماون، کە هیچیان لە کاتی رووداوەکە لەنێو ئەو ماڵەدا نەبوون.
پۆلیسی سلێمانی: هیچ بەڵگەیەک نییە بەشیر نەخۆشیی دەروونی هەبێت
دەنگۆی ئەوە هەیە، تۆمەتباری رووداوەکە نەخۆشیی دەروونی هەبووبێت. سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە رووداوی گوت: "پێویستە بەڵگەنامەی پزیشکی هەبن تاوەکو وەکو نەخۆشی دەروونی ئەو کەسە بناسێندرێت، بەڵام نەوەک بەڵگە، بەڵکو هیچ شاهێدێکیش نییە کە ئەم کەسانە سەردانی پزیشکی دەروونی کردبێت".
گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی گوتی: "هیچ کەسێک تاوەکو ئێستا بەهۆی رووداوەکە دەستگیرنەکراوە، لێکۆڵینەوە بەردەوامە و هەر کەس پەیوەندیدار بێت بەم بابەتە لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت".
هەروەها پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند: "بهپێی لێكۆڵینهوه سهرهتاییهكانی پۆلیس، دهركهوت كه بههۆی كێشهی خێزانییهوه یهكێك لهئهندامانی خێزانهكه دهستڕێژی له ئهندامانی خێزانهكهی كردووه و دواتر خۆشی كوشتووه".
"کاک سالار پیاوێکی بێ کێشە بوو"
سالار محەممەد، کە باوکی منداڵەکانە و ئەمشەو کوژرا، کارمەندی بەڕێوەبەرایەتی کارەبای سەیدسادق بووە. بەڕێوەبەرەکەی دەڵێت: "پیاوێکی بێ کێشە بووە".
ئاسۆ ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای سەیدسادق، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کاک سالار لە هۆبەی یەکی کارەبا شۆفێر بوو، پیاوێکی سەنگین و بێ کێشە بوو".
بەڕێوەبەری کارەبای سەیدسادق دەڵێت، "هەرگیز رۆژێک لە رۆژان کێشەی کاک سالار نەهاتووەتە بەردەستی من، کە لەسەر بابەتێک کێشە یان کەموکورتی هەبووبێت، بەڵکو بەردەوام ئەرکەکەی بە رێکوپێکی راپەڕاندووە".
دوای رێکارە یاسایی و کارگێڕییەکان، هەر ئەمڕۆ تەرمی هەر شەش قوربانییەکە لە زێدی خۆیان بەخاکسپێردران.
لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس لە رووداوەکە بەردەوامە و تاوەکو ئێستا ئەنجامی کۆتاییان رانەگەیاندووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ