رووداو دیجیتاڵ
بە پێوانە فەلەكییەكان، بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، زەوی گەیشتە یەكێ لە خاڵە هەرە نێودارەكانی خۆی لە كاروانی خولانەوەی بەدەوری خۆردا کە خاڵی هاوسەنگبوونی بەهارییە و بەوپێیە شەو و رۆژ هەر یەکەیان دەبنە 12 کاژێر.
گەیشتنی زەوی بە خاڵی هاوسەنگبوونی بەهاری، (Vernal Equinox) لە کاژێر 06:06 خولەکی رۆژی چوارشەممە، 20-3-2024 بووە بەکاتی هەولێر.
لەكاتی خولانەوەی بە دەوری خۆردا، زەوی سێ خاڵ دروست دەكات و بریتین لە:
1- نزیكترین خاڵ، كە دەستپێكی زستانە لە نیوەگۆی باكوور و دەستپێكی هاوینە لە نیوەگۆی باشوور.
2- دوورترین خاڵ، كە دەستپێكی هاوینە لە نیوەگۆی باكوور و دەستپێكی زستانە لە نیوەگۆی باشوور.
3- دووریی مامناوەند، كە لە نیوەگۆی باكووردا دەستپێكی بەهارە و لە نیوەگۆی باشووریشدا دەستپێكی پاییزە.
بە پێوانە فەلەكییەكان، ماوەی نێوان خۆر و زەوی لە كاتی گەیشتنی بە (دووریی مامناوەند) دەگاتە 149 ملیۆن و 598 هەزارو 23 كیلۆمەتر.
هاوسەنگبوونی بەهاری (Vernal Equinox)، لە 20 یان 21 یان بە دەگمەن لە 22ـی ئاداری هەموو ساڵێك دووبارە دەبێتەوە، تێیدا تیشكی خۆر بە شێوەیەكی 100% دەكەوێتە سەر (هێڵی یەكسانی).
بەپێی لاریی تەوەری خولانەوەی زەوی لەسەر خولگەكەی بەدەوری خۆردا بە ئاستی 23 پلە، تیشكی خۆر هەڵبەزین و دابەزین دەكات و لاربوونەوە و ستوونبوون لەسەر هەردوو نیوەگۆیەكانی باكوور و باشووردا بەخۆیەوە دەبینێ، بەوەش گۆڕانكاریی بەرچاو لە پلەكانی گەرمادا سەرهەڵدەدەن و ماوەی شەو و رۆژ درێژبوونەوە و كورتبوونەوە بەخۆیانەوە دەبینن.
بەم شێوەیە، لەنیوەگۆی باكووردا وەرزی بەهار دەستپێدەكات و لەهەمان كاتدا یەكسانبوونی پاییزی، لەنیوەگۆی باشووردا دەستپێدەكات، واتە لە وڵاتەكانی باشووری هێڵی كەمەری زەوی دەستپێكی پاییزە.
سەبارەت بە دانیشتووانی سەر رووی هەسارەكەمان، لە 20 ی ئاداردا، خۆر رێك لەسەر خاڵی جوگرافیی 90 پلەی رۆژهەڵاتەوە هەڵدێت، كە ئەمەش زۆر گرنگە بۆ ئەو كەسانەی كە دەیانەوێت بەشێوەیەكی زۆر ورد ئاراستەی رۆژهەڵات دەستنیشان بكەن، كە لەهەمان كاتدا لە هەمان خاڵی رۆژئاواشدا ئاوادەبێت و هەمان سوودی هەیە بۆ دۆزینەوەی وردی ئاراستەی رۆژئاوا.
بۆ گەلی كورد و بەشێكی زۆری دیكەی نەتەوەكانی جیهان، بە جیاوازیی كولتوور و داب و نەریتەكانیان، لە رۆژی 21ـی ئاداری هەموو ساڵێك دەبێتە ئاهەنگی دەستپێكی وەرزی بەهار و نەورۆز.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ