رووداو دیجیتاڵ
بڕیابوو ئەم هەفتەیە شاندی باڵای پارتی و یەکێتی کۆببنەوە، بەڵام سەرچاوەیەکی باڵا لە یەکێتی نیشتمانی دەڵێت، "کۆبوونەوەکە بۆ هەفتەی داهاتوو دواخرا."
سەرچاوەیەکی باڵا لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەم هەفتەیە بەشێکی زۆری سەرکردەکان لە دەرەوە وڵات بوون و کاریان هەبوو، بۆیە نەتواندرا کۆبوونەوەکەی نێوان شاندی باڵای پارتی و یەکێتی بکرێت و دواخرا."
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، "کۆبوونەوەکە دەکەوێتە هەفتەی داهاتوو، لە دوای رۆژی شەممەوە رۆژێکی بۆ دیاری دەکرێت."
لە بارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەشەوە، ئەو سەرچاوەیەی یەکێتی گوتی، "هەریەک لە پارتی و یەکێتی بەجیا گفتوگۆیان لەسەر ئەو رەشنووسەی لەلایەن لیژنەی تەکنیکی هەردوولا ئامادە کرابوو، کردووە و لەم کۆبوونەوەیەدا هەردوولا بەیەکەوە گفتوگۆی لەسەر دەکەین."
لیژنەیەکی تەکنیکی لەنێوان پارتی و یەکێتی پێکهێنرا بۆ شێوازی بەڕێوەبردنی کابینەی نوێی حکومەت. دوای پێنج کۆبوونەوە، 4ـی ئەم مانگە، لیژنەکان لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا گوتیان، دوایین کۆبوونەوەیان کردووە و، "لێكگهيشتنى هاوبهش و رێككهوتنى سهرهتايى لهسهر زۆربهى تهوهرهكان کراوە."
لیژنەی تەکنیکیی پارتی بەسەرۆکایەتیی پشتیوان سادق و ئەندامیێتیی دڵشاد شەهاب و ئومێد سەباح بوو. شاندی یەکێتیش بە سەرۆکایەتیی رێواز فایەق و ئەندامیێتی هەریەک لە شاڵاو شێخ سەلاح و ئامانج رەحیم بوو.
بڕیارە لەم کۆبوونەوەی داهاتوودا باسی دابەشکردنی پۆستەکان بکرێت. ئەو سەرچاوەیەی یەکێتی گوتی، "جارێ باسی ئەوە نەکراوە چ کەسێک چ پۆستێک وەردەگرێت، بەڵام لە کۆبوونەوەی داهاتوودا باس دەکرێت."
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەدا، "ئەمڕۆ مەکتەبی سیاسیی یەکێتی کۆدەبێتەوە."
زیاتر لە سێ مانگ بەسەر هەڵبژاردن و زیاتر لە دوو مانگیش بەسەر یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمان تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا لایەنە سیاسییەکان نەگەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و سەرۆکی هەرێمی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ