لەسەر رێگەی ورمێ - مهاباد دوو کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستدا

20-02-2024
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە رووداوێکی هاتووچۆدا لەسەر رێگەی سەرەکیی نێوان ورمێ - مهاباد، دوو کەس گیانیان لەدەستدا و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
رووداوەکە دوای نیوەڕۆی رۆژی دووشەممە، لەنێوان بارهەڵگرێک و ئۆتۆمبێلێکی تایبەت لە جۆری پیجۆ 405ـدا روویداوە.
 
حەمید مەحبووبی، بەڕێوەبەری کۆمەڵەی مانگی سووری پارێزگای ورمێ رایگەیاند، رووداوەکە لەسەر رێگەی سەرەکیی نێوان ورمێ و مهاباد و لە نزیک شاری نەغەدە بووە، بەهۆی پێکدادانەکەوە بارهەڵگرەکە و ئۆتۆمبێلە تایبەتەکە لە رێگە دەرچوون.
 
مەحبووبی گوتی، لە رووداوەکەدا دوو کەس گیانیان لەدەستداوە و دوو کەسی دیکەش بریندارن، کە لەلایەن تیمەکانیانەوە گوازراونەتەوە نەخۆشخانە.
 
رۆژی شەممە، 17ـی شوباتی 2024، لە رووداوێکی دیکەی هاتووچۆدا لەسەر رێگەی نێوان شارەکانی مهاباد و ورمێ، کەسێک گیانی لەدەستدابوو.
 
رۆژی 22-01-2024، محەممەد سادق موعتەمیدیان، پارێزگاری ورمێ رایگەیاند، لە ماوەی 10 مانگی رابردوودا، 584 کەس بەهۆی رووداوەکانی هاتووچۆ لەو پارێزگایەدا گیانیان لەدەستداوە، هۆکاری 70%ـی رووداوەکانی هاتووچۆ، هەڵەی مرۆیی و شۆفێرەکان بووە و بۆ چارەسەرکردنی ئەمەش دەبێت ئاستی هۆشیاریی شۆفێرەکان بەرزبکرێتەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە