رووداو- هەولێر
پەروەردەی دهۆک پێویستی بە 4 هەزار مامۆستا و فەرمانبەرە و ناوەناوەش ئەو كەسانەی پێشتر گرێبەستیان هەبوو دەكرێنە فەرمانبەری هەمیشەیی.
عەبد یوسف، بەڕێوبەری گشتیی پەروەردەی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند كە پێویستیان بە نزیکەی 4 هەزار مامۆستا و فەرمانبەرە. ئەو دەڵێت:"ماوەیەک لەمەوبەر 500 گرێبەستی مامۆستایانمان بە شێوەیەکی فەرمی بۆ دامەزراندن گۆڕین، لە ماوەیەکی نزیکیشدا 300 پلەی دیکەش کە گرێبەستن بۆ دامەزراندن دەگۆڕین".
عەبد یوسف دەڵێت بەهۆی بوونی چەند گرفتێک لە پەروەردەکانی شنگال، زوومار، تلکێف و شێخان ناتوانن ژمارەی دروست لە پێداویستییان بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییەکانی پەروەردە بە مامۆستا و فەرمانبەر بڵێن، بەڵام بە گشتی لەسەر ئاستی هەموو پەروەردەکان پێویستیان بە نزیکەی 4 هەزار مامۆستا و فەرمانبەرە.
لە كۆی زۆرتر لە 55 هەزار كەس كە ئەمساڵ لەسەر بودجەی عێراق دادەمەزرێن، 4 هەزار و 975 پلەیان بەر هەرێمی كوردستان دەكەون، بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتووشدا وەزارەتی پەروەردە 1070 پلەی وەزیفی دیكە بۆ دامەزراندن بە پیشەی مامۆستا رابگەیێنێ، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەش دەڵێت ئەو دەرچووانەی پێشتر فۆڕمیان پڕكردبووەوە و دەرنەچوون، دەتوانن دووبارە فۆڕم پڕبكەنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ