رووداو دیجیتاڵ
جارێکی دیکە گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا هێرشیان کردەوە سەر پردی قەرەقۆزاق و بەنداوی تشرین لە سنووری منبج و شەڕ لە ناوچەکە بەردەوامە.
بەگوێرەی میدیا خۆجێیەکان، گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆن تۆپبارانی دەوروبەری پردی قەرەقۆزاق و بەنداوی تشرینیان کردووە و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) وەڵامیان داونەتەوە.
ئەمڕۆ 11 رۆژە گرووپە چەکدارەکان ناوبەناو هێرش دەکەنە سەر بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاق، کە لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکراتدایە.
میدیای بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رایگەیاندووە، دوێنی گرووپە چەکدارەکان لە سێ قۆڵەوە هێرشی قورسیان کردووە، بەڵام شەڕڤانانی هەسەدە تەواوی هێرشەکانیان تێکشکاندووە.
13ـی ئەم مانگە ئەنجوومەنی سەربازیی منبج کە سەر بە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)ـیە رایگەیاند، "هێرشەکانی گرووپە چەکدارەکان لە سێ رۆژی رابردوودا بە پشتیوانیی 20 درۆنی تورکیا بووە".
08ـی ئەم مانگە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بە پێشەنگایەتی دەستەی تەحریر شام (هەتەشە) کۆتاییان بە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، سەرۆکی وڵاتەکە هێنا و دوای ئەوە هێرشی گرووپە چەکدارەکان لە چەند ناوچەیەک دژی هەسەدە دەستیپێکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ