ماوەی 10 رۆژە لە کۆبانی ئاو و کارەبا بڕاوە

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
سیپان رۆژهەڵاتی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی بۆردوومانەکانی تورکیا و هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر بەنداوی تشرین، 10 رۆژە لە کۆبانی ئاو و کارەبا بڕاوە. 
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 19/12/2024، عەدنان بۆزان، بەرپرسی ئەنجوومەنی خۆجێیی ئەنەکەسە لە کۆبانی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەهۆی بۆردوومانی تورکیا و هێرشی گرووپە چەکدارەکان ماوەی 10 رۆژ ئاو و کارەبا لە کۆبانی بڕاوە". 
 
بە گوتەی عەدنان بۆزان، خەڵک بۆ دابینکردنی ئاو پشت بە بیری خۆیان دەبەستن و بۆ دابینکردنی کارەباش موەلیدە بەکار دێنن. 
 
ئەمڕۆ 11 رۆژە گرووپە چەکدارەکان ناوبەناو هێرش دەکەنە سەر بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاخ، کە لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکراتدایە.
 
عەدنان بۆزان گوتی: "تاوەکو ئێستا لەسەر سنووری کۆبانی لەگەڵ تورکیا هیچ جموجۆڵێک نییە، ئەو دیوارە کۆنکرێتییەی کە لەسەر سەر سنوور کراوە وەک خۆی ماوە."
 
بە گوتەی عەدنان بۆزان، تەنیا جموجۆڵی گرووپە چەکدارەکان لە گوندی قەرەقۆزاخ و بەنداوی تشرین هەیە.  
 
تایبەت بە بارودۆخی نێو شار، عەدنان بۆزان گوتی: "بارودۆخ ناو شار ئاساییە، بەڵام ترس و دڵەراوکێ هەیە، خەڵک ترسیان هەیە ئەوەی بە سەر گرێسپی و سەرێ کانی هاتووە بەسەر کۆبانیش دا بێت". 
 
8ـی ئەم مانگە، ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بە پێشەنگایەتی دەستەی تەحریر شام (هەتەشە) کۆتاییان بە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، سەرۆکی وڵاتەکە هێنا و دوای ئەوە هێرشی گرووپە چەکدارەکان لە چەند ناوچەیەک دژی هەسەدە دەستیپێکرد.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە