هاوپەیمانان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە: یەکڕیزی و چاکسازی بەردەوام نەبێت هاوکارییەکانمان بەردەوام نابێت

19-12-2022
نازەنین گۆران
کۆبوونەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە
کۆبوونەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

شاندێکی هێزەکانی هاوپەیمان لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە کۆبووەوە و پشتگیریی خۆیان بۆ هەنگاوەکانی وەزارەتی پێشمەرگە لە بواری چاکسازی دووپاتکردەوە. ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، "هاوپەیمانان گوتیان ئەگەر یەکڕیزی، یەکگرتوویی و چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوام نەبێت، هاوکارییەکانمان بەردەوام نابێت."
 
ئەمڕۆ دووشەممە 19-12-2022، فەریق روکن عیسا عوزێر، سوپاسالاری پێشمەرگە و لیوا روکن بەختیار محەممەد سدیق، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە، لەگەڵ شاندێکی سەربازی هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتیی جەنەراڵ پیتەرز کۆبوونەوە.
 
وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانن لەبارەی چاکسازی، پێکهێنانی فیرقەکان و پرسی تایبەت بە بواری چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە گفتوگۆیان کردووە.
 
بەختیار محەممەد سدیق، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هێزەکانی هاوپەیمانان پێیان گوتین دەبێت یەکگرتوو بن، یەکگرتوو بن، یەکگرتوو بن، دەبێت یەکێتی و پارتی یەکگرتوو بن، دەبێت بزانن یەکگرتوویی دەتانپارێزێت و ناوچەیەکی ئارامتان بۆ دابین دەکات."
 
بە گوتەی ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە، "هاوپەیمانان جەختیان لەوە کردووەتەوە کە هاوکاری نادەن بە لایەنێکی دیاریکراو، ئەگەر هەر هاوکارییەکمان بکەن ئەوە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە بە گشتی و کورد و کوردستانە، نەک لایەنێکی دیاریکراو."
 
لەبارەی بەردەوامیی هاوکارییەکانیان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە، بەختیار محەممەد سدیق ئاماژەی بەوە کرد، "پێیان گوتین ئەگەر یەکگرتوویی، یەکڕیزی و چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوام نەبێت، ئەوە هاوکارییەکانمان بەردەوام نابێت."
 
هەر لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگەدا هاتووە، هاوپەیمانان جارێکی دیکە پشتگیری و پشتیوانیی خۆیان بۆ هەنگاوەکانی وەزارەتی پێشمەرگە لە بواری چاکسازی و یەکخستنەوەی سەرجەم هێزەکان دووپاتکردووەتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە