رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە سلێمانی رایگەیاند، هەوڵدەدرێت هەموو کێشەکان چارەسەر بکرێن. نێچیرڤان بارزانی لە وەڵامی پرسیارێکیشدا گوتی، بێگومان "سەردانی یەکێتی و هەموو لایەنەکانی دیکەیش دەکەین." لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیشەوە گوتی: "دەبێت لە ماوەی ساڵێکدا هەڵبژاردن بکرێت."
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 19-11-2022، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی بەشداریکردن لە پرسەی گیانلەدەستدراوانی رووداوی تەقینەوەکەی شاری سلێمانی و بەسەرکردنەوەی بریندارەکان گەیشتە شاری سلێمانی.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەرەتا بەشداری لە پرسەی گیانلەدەستدراوان کرد و دواتر لە نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی لە نزیکەوە بریندارەکانی ئەو رووداوەی بەسەرکردەوە و لە دۆخی تەندروستی یەک بە یەکەیانی پرسی.
دوای ئەوەی لە نەخۆشخانە بریندارەکانی بەسەر کردەوە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا ئامانجی سەردانەکەی ئاشکرا کرد و رایگەیاند: "هاتنی ئێمە ئەمڕۆ بۆ سلێمانی بۆ سەرەخۆشی بوو لەو کارەساتەی لەم شارە روویدا؛ بەڕاستی کارەساتێکی گەورەبوو. کوردستان هەر لە زاخۆوە تاوەکو دەگاتە خانەقین و هەموو شوێنەکانی دیکەی کوردستان و پێم وایە هەموو هاووڵاتییان لە دەرەوە و لەناوەوە هەموومان بەڕاستی خەمباربووین. ئەمڕۆ هەریەک لە ماڵی خۆی خاوەنی پرسەیە."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان سوپاسی پارێزگاری سلێمانی، ستاف و کارمەندانی نەخۆشخانەی شار، تیمەکانی بەرگریی شارستانی، پۆلیس، شارەوانی، ئاسایش و سەرجەم خەڵکی خۆبەخشی شارەکە کرد کە "بەوپەڕی هەستکردن بە بەرپرسیارێتی" بەشداربوون لە بەهاناوەچوونی هاووڵاتییانی رووداوەکە و گوتی، ئەو رووداوە "لە سەرانسەری کوردستان هاوسۆزی دروستکردووە؛ بۆیە سوپاسی یەک بە یەکیان دەکەم."
نێچیرڤان بارزانی، جگە لە دەربڕینی هاوخەمی بۆ خانەوادەکە بە پێویستی زانی لێکۆڵینەوەی ورد لەو رووداوە بکرێت و گوتی: "هیوادارین حکومەت لێکۆڵینەوەی پێویست بکات بۆ ئەوەی بە وردی بزانین کێشەکە سەرچاوەکەی لەکوێ بووە؟ بۆچی ئەوە روویدا؟"
نێچیرڤان بارزانی بە پێویستیشی زانی هەموو لایەک بەشداربن لە یارمەتیدان و هاوکاریکردنی ئەو ماڵباتە و گوتیشی: "ئەوەی پێویست بێت دەبێت بۆیان بکەین؛ بە دڵنیاییەوە حکومەتیش بە ئەرکی خۆی هەڵدەستێت. هەرکەسێکیش بیەوێت کاری خێرخوازی بکات، سەرۆکی هەر حیزبێک و هەر کەسێک بێت ئێمە سوپاسی دەکەین و خۆشحاڵ دەبین. بە دڵنیاییەوە چ شتێکیش پێویست بێت ئێمە ئامادەین."
لە وەڵامی رۆژنامەڤانانیشدا سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "پێشتر وەکو سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەپێی ئەرکی خۆم نامەم بۆ پەرلەمان ناردووە. هیوادارم حیزبەکان لەسەر ئەو بابەتە رێکبکەون. ئێستا ماوەی پەرلەمان درێژکراوەتەوە بۆ ساڵێک و بە دڵنیاییەوە دەبێت لەو ساڵەدا هەڵبژاردن بکرێت."
سەبارەت بە یەکڕیزی و یەکدەنگی لایەنە سیاسییەکان و ئەو کێشانەی ئێستا هەن بە دیاریکراویش کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتی، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "ئەوەی وەکو پرەنسیپ روون و ئاشکرایە ئەوەیە کە ئێمە بەبێ ئەوەی یەکدەنگ بین و لەگەڵ یەکتر بین و رێک بین، ناتوانین هیچ دەستکەوتێک بۆ ئەم هەرێمە و بۆ ئەم وڵاتە بەدەستبهێنین. بە دڵنیاییەوە ئێمە حیزبی جیاوازین و حیزبەکان بیروبۆچوونی جیاوازیشیان هەیە و ناکرێت هەموو وەک یەک بیر بکەینەوە. بەڵام ئەوەی کە گرنگە دەبێت بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان لەسەرووی هەموو حیزبایەتییەک و هەموو شتێکەوە بێت."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی، ئەوان دەتوانن کێشەکان چارەسەر بکەن و گوتیشی: "ئەگەر دوای کۆنگرە تێبینی راگەیێندراوی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان بکەن، دەڵێ ئێمە لاپەڕەیەکی نوێ هەڵدەدەینەوە و دەست بە دانوستاندن و سەردانی حیزبەکانیش دەکەین. بە دڵنیاییەوە هەوڵی جیدیش دەدرێت بۆ ئەوەی هەموو کێشەکان بە شێوەی دیالۆگ و لەسەر مێزی گفتوگۆ چارەسەر بکرێن. سەردانی یەکێتی و حیزبەکانی دیکەش دەکەین."

.png&w=3840&q=75)
