وانەبێژان و مامۆستایانی میلاک خۆپیشاندانێکی "سەرتاسەر"ـی دەکەن

19-10-2023
نازەنین گۆران
نیشانەکردن خۆپێشاندان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

نوێنەرێکی مامۆستایانی وانەبێژان رایگەیاند، رۆژی یەکشەممە لە 13 پەروەردەی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارەکانی گەرمیان و راپەرین بەشێک لە مامۆستایانی میلاک، فەرمانبەران و وانەبێژان خۆپیشاندانێکی سەرتاسەری دەکەن.
 
ئالان حەمەد سەعید، وەزیری پەروەردە و فێرکردنی هەرێمی کوردستان لە نووسراوێکدا رۆژی پێنجشەممە 19-10-2023 بۆ مامۆستایان دەڵێت، "لەبەر بەرژوەندی گشتی و پارێزگاری لە ساڵی خوێندنیی 2023-2024 لە سنووری بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان، راپەرین و قەزای کۆیە بڕیارماندا دەبێت رۆژی یەکشەممە 22ـی 10-2023 دەستەی کارگێری ناوەندەکانی خوێندنی (بەڕێوەبەر، یاریدەدەر) و مامۆستایان لە سنووری ئاماژەپێکراو پابەندبن بە دەوامکردن دەرگای ناوەندەکانی خوێندن بکەنەوە."
 
هەر لەوبارەوە، کارۆخ عەبدوڵڵا، نوێنەرێکی مامۆستایانی وانەبێژ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "وەزیر قسەی لەگەڵ کردووم و داوادەکات بگەڕێینەوە ناوەندەکانی خوێندن، بەڵام من نوێنەری 36 هەزار مامۆستای وانەبێژم، نەک تەنیا خۆم، ئەوانیش ئامادەنین بگەڕێنەوە هۆڵەکان و 10 ساڵە دەخەڵەتێندرێن، لە بابەتی شەڕی داعش، ڤایرۆسی کۆرۆنا و قەیرانی دارایی، ئەوانەش چیدی بڕوا بە وانەبێژان ناهێنێت بگەڕێنەوە ناوەندەکان."
 
بە گوتەی کارۆخ عەبدوڵڵا، "بڕیارە یەکشەممەی داهاتوو لە سنووری 13 پەروەردە، مامۆستایانی وانەبێژ، میلاک و فەرمانبەران خۆپیشاندانێکی سەرتاسەری بکەن، پێشبینی دەکەم گەورەترین خۆپیشاندان بێت." دەشڵێت "چارەسەرکردنی گرفتی وانەبێژان تەنیا پێویستی بە چوار ملیار دیناری دیکەیە کە بەگوتەی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و دارایی، ئەو برە پارەیە نابێتە گرفت بۆ حکومەت."
 
سامان تاهیر، نوێنەرێکی مامۆستای میلاک لە سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "ئێمە، بە بڕیاری وەزیری پەروەردە بایکۆتمان نەکردووە تاوەکو بە بڕیاری ئەو بگەرێینەوە، کۆمەڵێک داواکاریمان هەیە ئەوانیش؛ دابەشکردنی سێ مووچە؛ دابەشکردنی مووچە 30 رۆژ جارێک؛ پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران و مامۆستایان و دامەزراندنی وانەبێژان."
 
بە گوتەی سامان تاهیر "تاوەکو وەڵامێکی یەکلاکەرەوە' وەرنەگرن، بە هیچ شێوەیەک و لەژێر هیچ گوشار و داواکردنێکدا ناگەڕێنەوە هۆڵەکانی خوێندن. دەشڵێت، لە سلێمانی تەنیا بەشێک لە پۆلی 12ـی ئامادەیی دەوامی دەستپێکردووە کە ئەویش بە پەنجەی دەست دەژمێردرێت.
 
یاسین عەبدوڵڵا، نوێنەرێکی مامۆستای میلاک لە رانیە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "بڕیارمانداوە رۆژی یەکشەممە خۆپیشاندانی سەرتاسەری بکەین بۆ وەڵامی وەزیری پەروەردە و پارێزگاری سلێمانیش کە ئەویش داوای لە مامۆستایان کردبوو دەست بە دەوام بکەنەوە. ئێمە بە بڕياری ئەوان بایکۆتمان دەستپێنەکردووە، بەڵکو بەهۆی کەمتەرخەمییەکانی ئەوان بووە، بۆیە بەردەوام دەبین و داوای مووچەی مانگی 8 و 9 و 10مان کردووە."
 
ئەو نوێنەرەی مامۆستای میلاک لە رانیە دەشڵێت، "لە سنوورەکەمان تەنیا قوتابخانەکان بۆ پۆلی 12ـی ئامادەیی کراونەتەوە."
 
لە گەرمیانیش مامۆستایانی میلاک ناگەڕێنەوە ناوەندەکانی خوێندن. نەبەرد ئەحمەد، نوێنەرێکی مامۆستای میلاک کەلار بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە گەرمیان تەنیا بەشێکی پۆلی 12 دەستیپێکردووە و بڕیارە یەکشەممەش خۆپیشاندانێکی فراوان بکەین و بڕیاری گەڕانەوەمان نەداوە چونکە هیچ یەکێک لە داواکارییەکانمان نەک جێبەجێ نەکراوە بەڵکو کەس بەدەمانەوە نەهاتووە."
 
 
رۆژی یەکشەممە لەم پەروەردانە خۆپیشاندان دەکرێت
 
 
سلێمانی- کاژێر 10:00 بەردەم پەروەردەی رۆژئاوا
هەڵەبجە- کاژێر 10:00 فولکەی عومەری خاوەر
گەرمیان- کاژێر 10:00 بەردەم پەروەردەی کەلار
رانیە: کاژێر 10:00 بەردەم پەروەردەی رانیە
کۆیە: کاژێر 10:00 بەردەم پەروەردەی کۆیە
شارەزوور- کاژێر 10:00 بەردەم پەروەردەی شارەزوور
سەیدسادق- کاژێر 10:00 بەردەم پەروەردە
چەمچەماڵ- کاژێر 10:00 بەردەم پەروەردە
کفری- کاژێر 10:00 بەردەم پەروەردەی کفری
قەڵادزێ- کاژێر 10 بەردەم پەروەردە
پێنجوێن- کاژێر 10:00 بەردەم پەروەردە
دەربەندیخان- کاژێر 10:00 بەردەم پەروەردە
دووکان- کاژێر 10:00 بەردەم پەروەردە
 
13ـی ئەیلوول، ساڵی نوێی خوێندن لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد، بەڵام لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین و پەروەردەی کۆیە دەرگەی قوتابخانەکان بەهۆی بایکۆتی مامۆستایانەوە بە داخراوی ماوەتەوە. وانەبێژان داوای گرێبەست و بەشێکیان هەمیشەیی دەکەن و مامۆستایانی میلاک و فەرمانبەرانیش داوای مووچەی مانگەکانی هەشت، نۆ و 10 دەکەن.
 
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی ملیۆنێک و 800 هەزار قوتابی هەن؛ بەهۆی بایکۆتی مامۆستایانەوە لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، هەروەها ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین و پەروەردەی کۆیە، نزیکەی 700 هەزار قوتابی کە دەکاتە نزیکەی 40%ـی کۆی قوتابیان، دەوامیان نەکردووە.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە