کۆمیسیۆن: هەفتەی داهاتوو وردبینیی ناوی بەربژێران تەواو دەبێت

19-09-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند هیچ وادەیەک بۆ دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیارینەکراوە، هەفتەی داهاتوو ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لیستی بەربژێران پەسند دەکات و وادەی دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنیش دیاری دەکات. 
 
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 19ـی ئەیلوولی 2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تاوەکو ئێستا هیچ وادەیەک لەلایەن ئەنجوومەنی کۆمیسیارانەوە بۆ دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیارینەکراوە، ئەو کاتانەی باسدەکرێن فەرمی نین، بەڵام هەفتەی داهاتوو لە کۆبوونەوەیەکدا ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لیستی بەربژێران پەسند دەکات و وادەی بانگەشەش دیاریدەکات.
 
بەگوتەی گوتەبێژی کۆمیسیۆن ئەمڕۆ وردبینیکردن لە لیستی ناوی بەربژێران تەواو نابێت، بەپێی زانیارییەکانی رووداو، هەندێک لە بەربژێرەکان کێشە لە زانیارییەکانیاندا هەیە، ئەمەش هۆکاری دواکەوتنی تەواوبوونی وردبینییەکەیە، بەتایبەت تائێستا زیاتر لە 10 بەربژێر دوورخراونەتەوە.
 
جومانە غەلای، گوتی دەنگدان پڕۆسەیەکی نهێنییە و هیچ لایەن و پارت و کەسێک ناتوانێت بزانێت دەنگدەر دەنگی خۆی بە کێ داوە و کێ دەکات بە نوێنەری خۆی. گوتیشی: "بەپێی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆمیسیۆن رێکاری یاسایی لە دژی هەر کەس و رێکخراو و پارتێک دەگرێتە بەر کە گوشار بخەنە سەر دەنگدەران یان خەڵک بترسێن و بتۆقێنن، ئەو لایەنەش لەو دەنگانەشی بێبەش دەکرێت کە لەو بنکەیەی هەڵبژاردن بەدەستی هێناوە کە ئەو گوشارانەی کردووە و ئەو کەسانەشی ئەو کارە بکەن بە زیندانیکردن و پێبژاردن کە لە 10 ملیۆن کەمتر و 25 ملیۆن دینار زیاتر نەبێت سزا دەدرێت."
 
بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، دوو ملیۆن و 899 هەزار و 578 کەس مافی دەنگدانیان هەیە کە دوو ملیۆن و 683 هەزار و 618ـیان دەنگدەری گشتی و 215 هەزار و 960ـیان دەنگدەری تایبەتن.
 
1198 بەربژێر وەک سەربەخۆ، بەربژێری کۆتای پێکهاتە، پارت و هاوپەیمانیێتییەکان کێبڕکێی بەدەستهێنانی 100 کورسییەکەی پەرلەمانی کوردستان دەکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە