رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە وەڵامی تۆڕی میدیایی رووداو سەبارەت بە رووداوەکەی ئێوارەی دوێنێی عەربەت رایگەیاند، ''ئاگاداری رووداوەکەین''.
نووسینگەی راگەیاندنی وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەرەبەیانیی ئەمڕۆ (19-9-2023) سەبارەت بە رووداوەکەی فڕۆکەخانەی عەربەت لە وەڵامی تۆڕی میدیایی رووداودا رایگەیاند "ئاگامان لەو رووداوە هەیە. بۆ زانیاری بگەڕێنەوە لای دامودەزگا عێراقییەکان کە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکەدا دەکەن''.
کاژێر 04:05ـی ئێوارەی رۆژی دووشەممە، دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز لە فڕۆکەخانەی کشتوکاڵیی عەربەت بیسترا؛ دابان محەممەد، بەڕێوەبەری ناحیەی عەربەت لەبارەی رووداوەکەوە رایگەیاند، هێرشەکە بە درۆن ئەنجامدراوە.
هەروەها دژەتیرۆری سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی رووداوەکەوە گوتی، بۆردوومان بووە و لە ئەنجامیدا ''سێ پێشمەرگەمان شەهید بوون" و سێ ئەندامی دیکەیان بریندار بوون. دژەتیرۆر دەشڵێت، "ناهێڵین خوێنیان بەفیڕۆ بڕوات."
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراقیش بەرەبەیانیی ئەمڕۆ رایگەیاند، ئەو درۆنەی هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی کشتوکاڵیی عەربەتی لە شاری سلێمانی پێ کراوە، لە سنووری تورکیاوە هاتووەتە ئاسمانی عێراق، دەشڵێت "ئەو دەستدرێژییە چەندبارەبووانە لەگەڵ بنەمای دراوسێیەتیی باش ناگونجێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ