رووداو دیجیتاڵ
هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە شاری بۆکانی رۆژهەڵاتی کوردستان رۆژنامەڤانێکیان دەستبەسەر کردووە و تاوەکو ئێستا چارەنووسی نادیارە.
بەپێی راپۆرتی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان، دوێنێ یەکشەممە، 20ی ئەیلوولی 2026، رۆژنامەڤانێک بە ناوی ئامانج محەممەدپوور، خەڵکی بۆکان لەلایەن هێزەکانی ئیتڵاعاتەوە دەستگیر کراوە.
رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئاماژەیان بەوەکردووە، هێزە ئەمنییەکان بەبێ پێشاندانی هیچ بەڵگەنامەیەکی یاسایی و بڕیاری دادگە، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەو رۆژنامەڤانە و دەستبەسەریان کردووە، پاشانیش بۆ شوێنێکی نادیار گواستوویانەتەوە.
بەپێی زانیارییەکان، ئیتڵاعاتی بۆکان جگه لە پشکنینی ماڵەکەی، دەستیان بەسەر لابتۆپ و مۆبایلی ئامانج محەممەدپووردا گرتووە.
سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی کەسوکارەکەی بۆ دامودەزگا ئەمنیی و دادوەرییەکان، تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس، شوێنی راگرتن و ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی ئامانج محەممەدپوور کراون لەبەردەستدا نییە.



