رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی سەردەشت لە رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، وەرزی لێکردنەوەی ترێ دەستیپێکردووە و پێشبینی دەکەن بەرهەمی ئەم ساڵی باخ و رەزەکانی شارەکە 125 هەزار تۆن تێپەڕێنێت.
رۆژی دووشەممە، 21ـی ئەیلوولی 2026، ئەحمەد عەلیپوور، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی شاری سەردەشت بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "وەرزی رنینەوەی ترێ لە باخەکانی سەردەشت دەستیپێکردووە؛ وەرزی لێکردنەوەکە لە کۆتا مانگی هاوینەوە دەستپێدەکات و تاوەکو کۆتایی دووەم مانگی پاییز بەردەوام دەبێت، بەرهەمی ئەمساڵیش دەگاتە سەرووی 125 هەزار تۆن."
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی سەردەشت ئاماژەی بەوە کرد، زۆربەی بەرهەمی رەزەکان لە جۆری "ترێ رەشە"یە کە ناوبانگێکی تایبەتی هەیە و گوتی: "نزیکەی 90٪ـی ترێی سەردەشت هەناردەی پارێزگاکانی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەکرێت و خواستی زۆری لەسەرە."
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی کشتوکاڵی سەردەشت، رووبەری رەز و باخەکانی ترێ لە سنووری شارەکەدا 8 هەزار و 800 هێکتارە؛ لەو پانتاییەش 7 هەزار و 500 هێکتاری بە شێوەی دێم بەرهەمدێت و هەزار و 300 هێکتاریشی بەرئاوە



