سەرۆک بارزانی و بافڵ تاڵەبانی لە پیرمام کۆدەبنەوە

19-09-2022
نازەنین گۆران
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە ئەمڕۆ کاژێر 14:00 سەرۆک بارزانی و بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پیرمام لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی، یەکلاکردنەوەی بەربژێری سەرۆککۆمار و پرسی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق کۆببنەوە.
 
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتوون، کۆبوونەوەکە لەبارەی گفتوگۆکردن دەبێت لەسەر پەیوەندییەکانی یەکێتی و پارتی و لەو چوارچێوەیەدا لەبارەی بەربژێری سەرۆککۆماریش گفتوگۆ دەکرێت. 
 
بارەگای بارزانی لەبارەی دوایین کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی و بافڵ تاڵەبانی لە 04-08-2022 رایگەیاند، بڕیاردراوە کاربکرێت بۆ یەکهەڵوێستیی ھێزە سیاسییە کوردستانییەکان لە بەرامبەر ئەو ئاڵنگارییانەی کە رووبەڕووی عێراق و ھەرێمی کوردستان بوونەتەوە و کۆبوونەوەکان بۆ ئەو مەبەستە بەردەوام دەبن.
 
گفتوگۆکردن لەسەر دیاریکردنی کەسێک بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق لە کاتێکدایە ئەمڕۆ شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە رووداوی راگەیاند: هیچ رۆژێک بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار دیارینەکراوە. دەشڵێت: هیچ کۆبوونەوەیەک دیاری ناکرێت و ئەوان جارێ چاوەڕوانی هەوڵەکانن بۆ رێککەوتن لەبارەی بەربژێرێکی هاوبەش.
 
هاوکات ڤیان دەخیل، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رەتیدەکاتەوە بەشداریی هیچ دانیشتنێکی پەرلەمان بکەن ئەگەر رێککەوتن نەکرێت، لەو بارەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەشداری هیچ کۆبوونەوەیەکی پەرلەمانی عێراق ناکەین بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار تاوەکو رێککەوتن نەکرێت."
 
تاوەکو ئێستا یەکێتی و پارتی لەسەر بەربژێرێکی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق رێکنەکەوتوون. یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەرهەم ساڵحی بۆ ئەو پۆستە بەربژێرکردووەتەوە و پارتی دیموکراتی کوردستانیش رێبەر ئەحمەدی بۆ ئەو پۆستە بەربژێرکردووە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە