رووداو - تانجەرۆ
گوندی چەقڵاوا، لەسەر چەمی تانجەرۆ، دانیشتووانەکەی بە دەست دووکەڵی کارگەکان و پاشماوەکانیانەوە گیرۆدە بوون، مام تەھا، دانیشتوویێکی ئەو گوندەیە و دەڵێ بەهۆی پیسبوونی ژینگەی گوندەکەی تووشی نەخۆشی رەبۆ بووە و باخەکەشی زیانی زۆری بەرکەوتووە.
تەھا عەلی دەڵێ "ئەو رۆنەی لە کارگەکانەوە دێتە خوارەوە، بەنێو باخی مندا تێپەڕدەبێت، تەنانەت تێکەڵی ئاوی بیرەکانیشمان بووە، ناتوانین بیخۆینەوە، دەبێت بە تانکەر ئاوی خواردنەوە بکڕین. لەلایەکی دیکەوە ھەرچی بەرھەمی ئەمساڵمان ھەیە ئەو ئاوە سووتاندوییەتی. ئاوی تانجەرۆ بۆ کشتوکاڵەکانمان خراپە و تەنانەت ناتوانین ئاژەڵیش رابگرین. سوێند بەخوا مانگایەکم ھەبوو، ئەو ئاوەی دەخواردەوە زۆری نەبرد مردار بووەوە".
لە ماوەی مانگێکدا، ئەمە دوومجارە دانیشتووانی ناوچەی تانجەرۆ لەبەر پیسبوونی ئاوەکەی و، پاشەرۆی کارگەکانی ناوچەی پیشەسازی ناڕەزایەتی دەردەبڕن.
ئیبراھیم عەلی، دانیشتوویێکی دیکەی تانجەرۆ دەڵێ "ئێمە بەدەست ئەو کارگانەوە ژیانمان نەماوە، دووکەڵەکەی ژیانی نەھێشتووین و حکومەت ئاگادارە، لە شەودا دەست دەکەن بە سووتانی پاشەڕۆکانی و، کارگەکان وایانکردووە ھەمووان تووشی نەخۆشی ببین، ژیانمان نەماوە. ئاویش بەھۆی رۆنی پیسی کارگەکانەوە، بەتەواوی پیس بووە".
دانیشتوویێکی دیکەی گوندەکە دەڵێ "ئێمە لێرە سێ هەزار ماڵیین بە دانیشتووانی ئێرە و گوندەکانەوە هیچمان ژیانمان نەماوە، کارگەکان ئاو و ھەوای ئێرەیان تەواو پیس کردووە، ئەمە چەندین جارە لە راگەیاندنەکانەوە ھاوار دەکەین".
جگە لە پاشەڕۆی کارگەکان، رۆژانە هەزار و 300 تۆن خۆڵ و خاشاکی سلێمانی، لە ناوچەی تانجەرۆ کۆدەکرێتەوە، ئەمەش ھۆکارێکی دیکە پیسبوونی چەمی تانجەرۆیە، بەرپرسانی ژینگەش تەنیا پێیان دەکرێت لیژنە بۆ ئەو کێشانە دروست بکەن.
دیاری شێخ غەریب، بەڕێوبەری ژینگەی سلێمانی دەڵێ "ئێمە لیژنەی دیکەمان پێکهێناوە، بڕیارە لەمەودا ئێواران و شەوان دەست بە گەڕان و چاودێری بکەین. ئەوەی ئێمە کردوومانە، زیاتر سزادان بووە، توانراوە ئەو کارگانەی پابەند نین، سزا بدرێن، خۆشم بەردەوام چاودێرییان دەکەم، ھەروەھا داوامان کردووە بەردەوام لە سەرپێچییەکان ئاگادارمان بکەنەوە".
بە پێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی ژینگەی سلێمانی: زیاتر لە 200 کارگە لە ناوچەی تانجەرۆ ھەن. لە ساڵی 2016 دا نۆ لیژنە بۆ کێشەکانی ئەو ناوچەیە دروستکراوە، توانراوە 27 کارگە بەھۆی نەبوونی مەرجی سەلامەتی دابخرێن، بەڵام ئەو کێشانە لە ساڵی 2017ـیشدا دووبارە بەرۆکی دانیشتووانی ناوچەکەیان گرتووەتەوە.
پێداچوونەوە: هەڵات رێبوار

.jpeg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
