رووداو دیجیتاڵ
لە گەڕەکێکی قەزای بنەسڵاوەی سەر بە پارێزگای هەولێر، بەهۆی دروستبوونی کێشە لەسەر دەنگی موەلیدە، پیاوێکی بەتەمەن کوژرا و پۆلیسیش دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکەی راگەیاند.
رۆژی شەممە، 13ـی حوزیرانی 2026، موقەدەم کیفاح حەسەن، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوێنێ شەو لە گەڕەکێکی بنەسڵاوە، لەسەر کێشەیەک، کەسێک پیاوێکی کوشت؛ کێشەکە لەنێوان خاوەنی کافتریایەک و کەسێکی بەتەمەنی گەڕەکەکە دروستبووە و دواتر شەڕە تەقە روویداوە."
بە گوتەی موقەدەم کیفاح حەسەن، دوای دروستبوونی کێشەکە گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە. گوتیشی:" هەر لەو کاتەدا لێکۆڵینەوە دەستی پێکرد و تۆمەتبار دەستگیرکراوە کە ناوی (م. س. س)، ئێستا پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە و رێکارە یاساییەکان بەردەوامن."
ئەو پیاوەی کوژراوە ناوی (عەبدوڵڵا رەسوڵ ئەحمەدە)، تەمەنی 55 ساڵە و پێشمەرگەی خانەنشینە و دانیشتووی بنەسەڵاوە.
بەپێێ زانیارییەکانی رووداو، بەهۆی نەبوونی کارەبا، خاوەنی کافتریایەکی قەزای بنەسەڵاوە موەلیدەی هەڵکردووە، ئەمەش دەنگەدەنگێکی زۆری دروستکردووە و خەڵکی بێزار کردووە. دانیشتووانی ئەو گەڕەکە داوایان کردووە موەلیدەکە بکوژێنێتەوە، بەڵام بووەتە شەڕ و لە ئەنجامدا ئەو هاووڵاتییە تەمەنە کوژراوە.



.jpg&w=3840&q=75)
