کۆچی ناوەخت و لەناکاوی رۆژنامەنووسی لێهاتوو و دیاری تۆڕی میدیایی رووداو هەڵکەوت عەزیز، مایەی خەمێکی قووڵ و نیشتمانی بوو، بەڵام ئەوەی لە دوای ئەم کۆچە سەرنجڕاکێش و شایانی تێڕامان بوو تەنیا قەبارەی خەمەکە نەبوو، بەڵکو ئەو دیمەنە پڕ لە شکۆ و وەفادارییە بوو کە رووداو لە بەڕێوەبەرەوە تاوەکو تەواوی کارمەندانی، پێشکەشیان کرد. ئەوان لەم چەند رۆژەدا کاری ئاسایی خۆیان گۆڕی بۆ خەمێکی بە کۆمەڵ و باوەشێکی گەرم بۆ دایک و باوک و منداڵە چاوگەشەکانی خوالێخۆشبوو هەڵکەوت عەزیزی جوانە مەرگ. ئەم هەڵوێستە تەنیا پرسەگێڕانێکی سادە نەبوو، بەڵکو نموونەیەکی باڵا و دەگمەنی وەفا بوو لە جیهانی دامەزراوەییدا، پەیامێکی روون بوو بۆ هەمووان کە مرۆڤ لای ئەوان تەنیا ژمارەیەک نییە لە پێڕستی کارمەنداندا، بەڵکو بەشێکە لە رووح و ناسنامەی میدیاکە. وەفا یەکێکە لە کۆڵەکە هەرە کۆن و بنەڕەتییەکانی رەوشتی مرۆڤایەتی، فەیلەسوفە گەورەکان هەمیشە وەک بەرزترین جۆری چاکە سەیرییان کردووە. کۆنفۆشیۆس، فەیلەسوفی چینی، وەفا بە بنچینەی هەموو رەوشتێک و داڕشتنی کۆمەڵگەیەکی تەندروست دەزانێت، ئەو پێیوایە کاتێک دامەزراوەیەک یان سەرکردەیەک وەفادار دەبێت بۆ ئەوانەی خزمەتی دەکەن بنەمایەکی بەهێزی متمانەی گشتیی دروست دەبێت. تۆماس هۆبز و جۆن لۆک، لە فەلسەفەی هاوچەرخدا پەیمانی کۆمەڵایەتی بەبێ وەفا تەنیا بە مەرەکەبی سەر کاغەز دەبینن و دەڵێن: دڵسۆزیی دامەزراوە بۆ کارمەندەکەی لە کاتی تەنگانەدا بەرزترین شێوازی جێبەجێکردنی پەیمانی ئەخلاقییە. جۆزیا رۆیس، فەیلەسوفی ئەمریکی لە کتێبی (فەلسەفەی وەفا)دا دەڵێت: وەفا بریتییە لە خۆبەخشینی دڵسۆزانە و تەواوەتیی مرۆڤ بۆ دۆزێک یان جڤاتێک. ئەوەی رووداو لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا کردی نیشاندانی ئەو وەفاو خۆبەخشینە بوو بۆ پەیامی هاوڕێیەتی و مرۆڤایەتی و خۆبەخاوەنکردن. لە جیهانی سەرمایەداریی دڵڕەقی ئەمڕۆدا کە زۆربەی کۆمپانیاکان و کەرتی تایبەت کارمەندەکانیان وەک کەرەستەیەکی بەرهەمهێنان دەبینن، مۆدێلی مامەڵەکردنی رووداو لەگەڵ کۆچی دوایی هەڵکەوت عەزیزدا، تێگەیشتنێکی نوێی بەخشی بە چەمکی کار و پیشە و هاوپیشەیی. کاتێک بەڕێوەبەری گشتی و تەواوی ستافەکان شانبەشانی خێزانی رۆژنامەنوسی کۆچکردوو دەگریان و دڵنەوایی باوک و دایک و منداڵە بێنازەکانیان دەدایەوە، ئەوان پێوەری نوێیان بۆ شکۆی مرۆڤ لە ژینگەی کاردا نووسییەوە، ئەوان بە کردەوە سەلماندیان کە هێزی رووداو تەنیا لە تەکنەلۆژیا و شاشە پێشکەوتووەکەیدا نییە، بەڵکو لەو بەها ئەخلاقییە بەرزەدایە کە لە ناوەوەی دامەزراوەکەدا چێندراوەو کاری پێدەکرێت. له روانگەی زانستی دەروونناسیی کۆمەڵایەتییەوە، ئەم جۆرە هاوسۆزییە کاریگەرییەکی قووڵ جێدەهێڵێت، وەک دڵنیایی دەروونی. کاتێک کارمەندانی دیکەی ئەو میدیایە دەبینن هاوڕێکانیان بەم شێوازە شکۆدارە قەدریان دەگیرێت وەک ئەوەی بۆ شیفا گەردی و هەڵکەوت عەزیز کردیان، هەست بە ئاسایش و دڵنیایی دەکەن کە ئەوانیش لە جێگەیەکی پارێزراو و بە شکۆی وەک ماڵی خۆیان کار دەکەن و رەنگە زۆرێک لە رۆژنامەنووس و میدیاکار هەبن ئێستا ئیرەیی بە رۆژنامەنوس و میدیاکارەکانی ناو تۆڕی میدیایی رووداو ببەن کە هێندە بە وەفاو گەورەییەوە خاوەندارێتی لە ئەندامانی خێزانی کار و پیشەی خۆی دەکات. زامی لەدەستدانی جەرگ بۆ دایک و باوک هەرگیز ساڕێز نابێ، بەڵام کاتێک دایک و باوکی هەڵکەوت عەزیز دەبینن بەڕێوەبەر و تەواوی هاوکارەکانی کوڕەکەیان بوونەتە کوڕی ئەوان، قورسایی خەمەکە لەسەر شانیان سووکتر دەبێت و باری سەرشانی ماڵباتەکەیان سووک دەبێت و جۆرێک لە ئایندەیەکی گەش بۆ منداڵەکانی کوڕە کۆچکردوەکەشیان لەم وەفا و قیەمە بەرزەدا دەبیننەوە. بۆیە دەتوانین بڵێین، هاوسۆزی و پرسەگێڕانی درێژخایەنی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ رۆژنامەنووسە کۆچکردووەکانیان، تەنیا وەفایەک نەبوو بۆ کەسێک کە رۆژانە ماندوو دەبوو بۆ سەرخستنی دەزگاکەیان، بەڵکو وانەیەکی ئەخلاقیی گەورە بوو بۆ تەواوی کۆمەڵگەی کوردی (میدیا و دامەزراوەکان). ئەم هەڵوێستە پێمان دەڵێت: پێش ئەوەی سەرکەوتوو بیت لە کارەکەتدا پێویستە لە مرۆڤایەتیدا سەرکەوتوو بیت، دروود بۆ گیانی پاکی رۆژنامەنووس هەڵکەوت عەزیز، شیفا گەردی و فەرهاد حەمۆ، شەکاوە بێت ئەو پەیامە پڕ لە وەفایەی کە تۆڕی میدیایی رووداو و تەواوی کارمەندەکانی و هاوکارەکانی لە دوای خۆی بۆیان نووسییەوە و بەهیوای بەردەوامی و پارێزراویی رۆژنامەنووسان و چاولێکەری لەو ئیتیکە جوانەی کە رووداو خاوەندارێتی دەکات.