رووداو دیجیتاڵ
کەسوکارێکی ئەو کۆچبەرانەی بەهۆی تێکشکانی بەلەمێکەوە لە کەناراوەکانی ئیتاڵیا گیانیان لەدەستدا دەڵێت، بڕیار بوو بە فڕۆکە بڕۆن، بەڵام قاچاخچییەکان بە بەلەم رەوانەیان کردوون، گوتیشی، تەندروستیی رزگاربووانیش ناجێگیرە و لە نەخۆشخانە خەوێندراون.
ئەمڕۆ چوارشەممە 19-06-2024، لە مزگەوتی جەلیل خەیاتی هەولێر، پرسە بۆ هەشت لەو کۆچبەرانە داندرا کە بەهۆی تێکشکانی بەلەمێکەوە لە نزیک کەناراوەکانی دوورگەی رۆچێڵا لە باشووری ئیتاڵیا گیانیان لەدەستدا.
بەختیار ئیسماعیل، کەسوکاری هەشت لە کۆچبەرە خنکاوەکانە، لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 16:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە محەممەد عیزەدین پێشکێشیکرد رایگەیاند، ''کەسوکاری ئێمە 11 کەس بوون لە دوو خێزاندا، لە شاری بۆدڕۆمی تورکیاوە بەرەو ئیتاڵیا بەڕێکەوتوون، تاوەکو رۆژی چوارشەممەی رابردوو پەیوەندیمان پێوە هەبوون، دواتر پەیوەندیمان لەگەڵیان پچڕا.''
بەختیار ئیسماعیل ئاماژەی بەوە کرد، ئێستا تەرمی هەشت کەسیان دۆزراوەتەوە و تەنیا سێ کەس لە ئەندامانی ئەو دوو خێزانە رزگارکراون.
لە رۆژانی دووشەممە و سێشەممە 17 و 18ـی حوزەیران، دوو بەلەم لە کەناراوەکانی باشووری ئیتاڵیا نقومبوون. خاچی سووری ئیتاڵی لە رێگەی ئیمەیلەوە وەڵامی پرسیارەکانی تۆڕی میدیایی رووداوی لەوبارەوە داوەتەوە و دەڵێت، هۆکاری نقوومبوونی یەکێک لە بەلەمەکان کە بەرەو دوورگەی رۆچێلا رۆیشتووە، گڕگرتنی بزووێنەرەکەی بووە، کە دواتر تەقیوەتەوە.
بەختیار ئیسماعیل گوتی: ''کۆتاجار کە قسەمان لەگەڵ کەسوکارمان کرد، لە نێو ئەو بەلەمەدا بوون کە بزوێنەرەکەی ئاگری گرتبوو، ئێستا یەک لەو سێ کەسەی کە رزگارکراون، سووتاوە و تەندروستیی هەر سێ کەسیان ناجێگیرە.''
بەگوتەی بەختیار، ئەو سێ کەسە لە نەخۆشخانە خەوێندراون، ئافرەتێک (مژدە عومەر) سووتاوە و دوو منداڵیش دۆخی دەروونییان تێکچووە و بە رووداوەکە ''شۆک'' بوون.
ئەو کەسوکارەی کۆچبەرە قوربانییەکان لە زمانی مژدە عومەرەوە کە یەکێک لە رزگاربووانە، باس لە کاتی رووداوەکە دەکات و دەڵێت، ''مژدە عومەر گوتوویەتی ئەو هەشت کەسەی خۆمان هەر هەشتیان لە بەرچاوی من گیانیان لەدەستدا، دەستی یەکێک لە کوڕەکانم گرتبوو، بەڵام دواتر کە گیانی لەدەستدا، جەستەی قورس بوو و نەمتوانیوە رایبگرم، ناچار دەستیم بەردا.''
ساڵانە ژمارەیەکی زۆر لە کۆچبەران لە رێگەی گەیشتن بە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا گیان لەدەستدەدەن، ئەمەش بەهۆی کۆچی نایاسایی و گوێپێنەدانی قاچاخچییەکان بە پاراستنی گیانی کۆچبەران. بەختیار ئیسماعیل دەڵێت، ئەو بەلەمەی کەسوکارەکەی تێیدا بوون، ''بەلەمێکی بچووکی 15 کەسی بووە، بەڵام 76 کەسی هەڵگرتووە.''
بە گوتەی بەختیار ئیسماعیل، هەر 11 کەسیان پێنج مانگ لەمەوپێش گەیشتوونەتە شاری ئیستەنبووڵی تورکیا، جارێکی دیکەش خەریک بووە دوو منداڵیان لە ئاودا بخنکێن، بڕیاریان دا نەڕۆن و بگەڕێنەوە کوردستان، دواتر لەلایەن قاچاخچییەکانەوە پێیانگوتراوە کە ئەمجارە بە فڕۆکە دەبردرێن، بەڵام بردرانە بۆدڕۆم و لەوێ دووبارە سواری ئەم بەلەمەیان کردبوونەوە.''
سەبارەت بە قاچاخچییەکانیش بەختیار ئیسماعیل گوتی، "قاچاخچییەکان ناسراون و یەکێکیا خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان و دووانیان خەڵکی باشووری کوردستانن، کە قسەمان لەگەڵ دەکردن، هەر دەیانگوت ئێستا دێنە خوار و پاساویان دەهێناوە کە بۆچی درەنگ گەیشتوونەتە جێ، پاشان لە رۆژی شەممەوە تەلەفۆنەکانیان بەتەواوی داخرا.''
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، ئەم دوو خێزانە کە 11 کەسن، خەڵکی ناحیەی هیرانی قەزای شەقڵاوەن و دانیشتووی یەکێک لە گەڕەکانی شاری هەولێرن.
ناسنامەی کەسەکان بەمشێوەیەیە: رێبوار کەمال و هێرۆ عومەر، هەروەها منداڵەکانیان بەناوی لاوین، لارین و لۆڤان. خێزانەکەی دیکەش بریتین لە عەبدولقادر ئەحمەد و موژدە عومەر، هەروەها منداڵەکانیان بە ناوەکانی میران، مەیلان، ماردین و میروان، کە تەنیا لارین، مژدە و میران رزگاریان بووە.
جگە لەو 11 کەسە، رووداو زانیویەتی 13 هاونیشتمانیی دیکەی سنووری ئیدارەی راپەڕینیش لەنێو بەلەمەکاندا بوون و گیانلەدەستدانی بەشێکیان پشتڕاستکراوەتەوە.
تاوەکو ئێستا گیانلەدەستدانی ئارام عەبدولڕەحمانی تەمەن 34 ساڵ و خونچە مەلا نەبیی هاوژینی، کە دووگیان بووە و دوو منداڵیان بەناوەکانی مەنسا و مەیلی پشتڕاستکراوەتەوە و پرسەیان بۆ داندراوە. چارەنووسی ئەوانی دیکەش نادیارە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ