مەسرور بارزانی: عێراق دەوڵەمەندە، تەنیا بەڕێوەبردنێکی باشی پێویستە

19-06-2023
ئاکار بەختیار @Akarbakhtyar
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ساڵانی رابردوو سەرمایە و داهاتی عێراق بە "باشی بەکارنەهێنراوە" و "ستەمیش لە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان کراوە." گوتیشی، "عێراق لە هەموو روویەکەوە دەوڵەمەندە و تەنیا بەڕێوەبردنێکی باشی پێویستە." 
 
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ماڵپەڕ و پلاتفۆرمێکی ئۆنلاینی تایبەت بە وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان، بە ناوی 'ئینڤێست کوردستان' راگەیاند. 
 
مەسرور بارزانی گوتی، "کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت تەواوکەری یەکدین، ئەمەش تەنیا درووشمێک نییە، بەڵکو بڕوامان پێی هەیە و درک بە کاریگەری و گرنگیی بەشداریی کەرتی تایبەت لە پێشخستن و بووژاندنەوەی ئابووریی وڵات دەکەین." 
 
لە ساڵانی رابردوودا، بەگوتەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، "سەرمایە و داهاتی عێراق بە باشی بەکارنەهێنراوە، بە تایبەتیش لە بەشی هەرێمی کوردستان، ستەم لە هاووڵاتییانمان کراوە، ئێستا دەرفەتێکی نوێ هاتووەتە ئاراوە و هیوادارین یاسای بودجەی عێراق بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و دوور لە دەستێوەردانی سیاسی جێبەجێ بکرێت." 
 
مەسرور بارزانی باس لە پەیوەندی "باشی" لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات و دەڵێت: "بە پاڵپشتیی هەموو لایەک، پێویستە رووبەڕووی ئاستەنگە سیاسی و ئابوورییەکان ببینەوە و پێکەوە دەتوانین عێراق بگەیێنێنە ریزی وڵاتانی پێشکەوتووی جیهان، چونکە کۆی عێراق لە هەموو روویەکەوە دەوڵەمەندە و تەنیا بەڕێوەبردنێکی باشی پێویستە." 
 
دەقی گوتەکانی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان 
 
بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان 
 
ئامادەبووانی بەڕێز، هەموو لایەک زۆربەخێر بێن
 
خۆشحاڵم کە ئەمرۆ لەگەڵ ئێوەی بەڕێزم بۆ راگەیاندنی ماڵپەڕ و پلاتفۆرمێکی ئۆنلاین کە تایبەتە بە وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان، بە ناوی Invest Kurdistan. 
 
مەبەست لەم پلاتفۆرمە، پەرەپێدانی زیاتری پرۆسەی وەبەرهێنان و ئاسانکاریکردنە بۆ وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و دەرەوە، بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی خێرا و بە ئاسانی زانیاری پێویستیان لە بارەی هەرێمی کوردستان و دەرفەتەکانی وەبەرهێنان دەستبکەوێت.
 
هەمیشە گوتوومە، کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت تەواوکەری یەکدین، ئەمەش تەنیا دروشمێک نییە، بەڵکو بڕوامان پێی هەیە و درک بە کاریگەری و گرنگیی بەشداریی کەرتی تایبەت لە پێشخستن و بووژاندنەوەی ئابووریی وڵات دەکەین. 
 
ساڵانی رابردوو بارودۆخی سەختمان تێپەڕاند، کاریگەرییەکانی پەتای کۆرۆنا و ناسەقامگیریی بازاڕەکانی جیهان و کێشە سیاسی و داراییە ناوخۆیی و ناوچەییەکان، هەمووی کۆسپی گەورە بوون لەبەردەممان، بەڵام سوپاس بۆ خوای گەورە، بە خۆڕاگریی هاووڵاتییانی خۆشەویستمان و بە پلان و بەرنامەکانی کابینەکەمان و بە هاوکاریی راستەوخۆی کەرتی تایبەتی کوردستان، توانیمان ئەو قۆناخە تێپەڕێنین. بۆیە لێرەدا دیسان بە دەرفەتی دەزانم کە سوپاسێکی تایبەتی کەرتی تایبەتی هەرێمی کوردستان بکەم، کە هەمیشە لە کاتی تەنگانە و قەیرانەکاندا، هەڵوێستیان هەبووە و بەشداربوونە لە سووککردنی ئەرکی حکومەت و هاوکاریی هاووڵاتیانی خۆشەویستمان.
 
بەرێزان..
 
ئێستا کاتی ئەوە هاتووە کە بە پلان و بەرنامەیەکی تۆکمە بەرەو داهاتوویەکی گەشتر هەنگاو بنێین، بۆیە هەموو هەوڵێک دەدەین تاوەکو وەبەرهێنەرانی کەرتی تایبەتی ناوخۆ و دەرەوە، متمانەی زیاتر بە بازاڕی هەرێمی کوردستان بکەن، ئێمە هەر زوو هەوڵمانداوە کە هەموو بەربەستە یاسایی و بیرۆکراسییەکان لەبەردەم پرۆسەی وەبەرهێنان هەڵبگرین، کاری زۆر کراوە، بەڵام دەزانین کاری زۆرتریش ماوە بۆ ئەوەی ئاسانکاریی زیاتر بۆ وەبەرهێنەران بکەین.
 
ئێمە دەزانین کە وەبەرهێنان، پێویستیی بە سیستمێکی بانکیی باوەرپێکراو و کارایە، بۆیە لەم کابینەیەدا، هەوڵی چڕوپڕمان دەستپێکردووە و چەند تیمێکی سەر بە ئۆفیسی خۆشم راسپاردووە، کە بە هاوکاریی شارەزایانی ئەو بوارە، کار بکەن بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان لە بازاڕێکی پشتبەستوو بە پارەی کاش، بەرەو بازاڕێکی خاوەن سیستمێکی بانکیی باوەڕپێکراو بگۆڕدرێت.
هەوڵمانداوە و بەردەوامین کە خزمەتگوزارییەکانی پەیوەندیدار بە وەبەرهێنان لە تۆماری کۆمپانیاکان تا رێکارەکانی وەرگرتنی پرۆژەکان، بە ئەلیکترۆنی بکرێن، هەوڵمانداوە کۆی پرۆسەکان خێراتر ببن و کاتێکی کەمتری کۆمپانیاکان بەهەدەر بدرێت، بێگومان هێشتاش گلەیی هەیە و پێویستە لەم بوارەدا کاری زیاتر بکرێت، بە تایبەت لێرەدا قسەکانم ئاراستەی دامودەزگاکانی پەیوەندیدار دەکەم و پێیان دەڵێم: هەرچی زووترە پرۆسەی دابینکردنی زەویی گونجاو و پێویست بۆ وەبەرهێنەران خێراتر و رێکتر بکەن. 
 
هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی سەقامگیر و ئارامی دەڤەرەکەیە و لە هەمانکاتدا سرووشت و جوگرافیای هەرێم زۆر لەبارە بۆ وەبەرهێنان لە بوارەکانی کشتوکاڵ، گەشتیاری و پێشەسازی. ئێمە سیاسەتی ئابووریی فرەچەشنمان گرتووەتە بەر، بۆیە بە هەموو توانایەک پشتگیری لە وەبەرهێنانی فرەچەشن دەکەین. ئێمە سامانی زۆرمان لەم وڵاتە هەیە، توانای مرۆیی گەورەترین سەرمایەمانە، بە وەبەرهێنان لەم بوارەدا دەتوانین داهاتوویەکی گەشتر بۆ وڵاتەکەمان مسۆگەر بکەین، من ساڵی رابردوو لە بۆنەیەکدا ئەنستیتیوتی داهێنان و نوێگەریی کوردستان (KII) رامگەیاند، بۆ ئەوەی توانا مرۆییەکانمان بدۆزینەوە و وەبەرهێنانیانی لەسەر بکەین، بیرۆکە و داهێنانی خاوەن بەهرەکان دەکرێت ببنە هەوێنی پرۆژەی گەورە و وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و دەرەوە دەتوانن سوودی لێ وەرگرن.
 
سەرمایە و سامانێکی دیکەی گەورەی وڵاتەکەمان سروشتی جوان و ڕەنگینمانە، کەش وهەوایەکی لەبار و چوار وەرزمان هەیە، ئاو و زەویی بە پیتمان هەیە، بۆیە کشتوکاڵ و پیشەسازیی خۆراک، دەرفەتی زێڕینە بۆ وەبەرهێنەران لە کوردستان. هەروەها ئەو سرووشتە دڵرفێنەمان دەکرێت ببێت بە باشترین دەرفەت بۆ وەبەرهێنەران لە بواری گەشتوگوزار لە هەموو رۆژهەلاتی ناوەراست.
 
بەرێزان..
 
ئێمە لەگەل پێشکەوتنی هەموو ناوچەکە و عێراقین، لەو بڕوایەداین گەر هەرێمی کوردستان پێشبکەوێت و گەشە بکات، لە قازانجی هەموو عێراقە. ئێمە دەمانەوێت هەرێمی کوردستان ببێت بە دەروازە و دەستپێکی کاری زۆر کۆمپانیا، تاوەکو لێرەوە بەرەو ناوچەکانی دیکەی عێراقیش پەلبکێشن. لە ساڵانی رابردوودا سەرمایە و داهاتی عێراق بە باشی بەکارنەهێنراوە و بە تایبەتیش لە بەشی هەرێمی کوردستان، ستەم لە هاووڵاتیانمان کراوە، ئێستا دەرفەتێکی نوێ هاتووەتە ئاراوە و هیوادارین یاسای بودجەی عێراق بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و دوور لە دەستێوەردانی سیاسی جێبەجێ بکرێت. تێگەیشتنی باشم لەگەڵ بەرێز محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق هەیە و بە پاڵپشتیی هەموو لایەک، پێویستە رووبەڕووی ئاستەنگە سیاسی و ئابوورییەکان ببینەوە و پێکەوە دەتوانین عێراق بگەیێنێنە ریزی وڵاتانی پێشکەوتووی جیهان، چونکە کۆی عێراق لە هەموو روویەکەوە دەوڵەمەندە و تەنیا بەڕێوەبردنێکی باشی پێویستە.
 
بەرێزان.. 
 
دەستەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان، زیاتر لە هەزار دەرفەتی وەبەرهێنانی لە بوارە جۆراوجۆرەکان راگەیاندووە و ئێستا ئێمە وەک حکومەتی هەرێم بەرچاومان ڕوونە و دەزانین چیمان دەوێت تاکو هەم هەرێمەکەمان پێشکەوێت، هەم وەبەرهێنەران سوود بکەن و هەم هاووڵاتییانیشمان دەرفەتی کاری زیاتریان بۆ بڕەخسێت و ئابورریی کوردستان ببووژێتەوە.
خۆشم پلانم هەیە کە لە نزیکەوە، زیاتر لە جاران وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و تەنانەت دەرەوەش ببینم، بۆ ئەوەی بە تێبینی و پێشنیارەکانیان، بەرچاومان روونتر بێت، هیوادارم رۆژ بە رۆژ شایەتی بەشداریی زیاتری وەبەرهێنەرانمان لە بوارە جیاجیاکان بین.
 
با هەموومان پێکەوە هاوکار بین تاوەکو کوردستانێکی ئاوەدانتر، گەشتر و بەهێزترمان هەبێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وەزارەتی دارایی دەڵێت، تائێستا نزیکەی 700 هەزار مووچەخۆر لە 'هەژماری من' تۆمار کراون

وەزارەتی دارایی: ساڵی داهاتوو پڕۆژەی 'هەژماری من' رادەستی وەزارەتەکەمان دەکرێت

وەزارەتی دارایی دەڵێت، هەرێمی کوردستان دەتوانێت بۆ پڕۆژەی هەژماری من سوود لە سەرجەم ئەو بانکە ئەهلییانە وەربگرێت کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە مۆڵەتی کارکردنیان پێدراوە.