سوپای تورکیا لە هەندێک ناوچەی هەرێمی کوردستان بڵاوکراوە فڕێدەداتە خوارەوە

19-04-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سوپای تورکیا بڵاوکراوە لە سنووری گوندەکانی قەزای ماوەت فڕێ دەداتە خوارەوە.
 
کامەران عوسمان، ئەندامی رێکخراوی (CPT)ـی ئەمریکی ئەمڕۆ شەممە، 19ـی نیسان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوانیوەڕۆی دوێنێ، فڕۆکەکانی سوپای تورکیا بە درێژایی چیای ئاسۆس و لە دەوروبەری گوندەکانی گەڵاڵە، باساوێ، سەفرە و زەروون لە سنووری قەزای ماوەت لە پارێزگای سلێمانی، بڵاوکراوەی بە شێوەزاری کورمانجی فڕێداوەتە خوارەوە و داوای خۆبەدەستەوەدانی گەریلاکانی پەکەکەی کردووە."
 
حوسێن قادر، دانیشتووی گوندی گەڵاڵە بە رووداوی گوت: "لە دوای کاژێر 03:00ـی دوانیوەڕۆی دوێنێ، دوو فڕۆکەی سوپای تورکیا نزیکەی کاژێرێک بە ئاسمانی ناوچەکەمانەوە سووڕانەوە و چەندین بڵاوکراوەیان فڕێدایە خوارەوە."
 
بە گوتەی حوسێن قادر، ئەو یەکێک لە بڵاوکراوەکانی لەسەر رێگەی گوندی گەڵاڵە بۆ سلێمانی دۆزیوەتەوە.
 
بڵاوکراوەکەی سوپای تورکیا تێیدا نووسراوە:
 
- عەبدوڵڵا ئۆجەلان بانگەوازی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و چەکدانانی کردووە، بەدەم بانگەوازەکەیەوە وەرن!
 
- بزانن هەڤاڵەکانت کە خۆیان رادەست کردووە چی دەڵێن: 
 
"من دەلالم، خۆم رادەست کرد، دەوڵەت منی پاراست. هەموو تەلەڤیزیۆنەکان دەڵێن کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان بە پەکەکە دەڵێت، پێویستە خۆی هەڵوەشێنێتەوە. لە ئەشکەوت وەرنە دەرەوە، ئێمە چاوەڕوانتانین."
 
"من جیهادم، پێیان نەدەگوتین کە سەربازە تورکەکان هێندە باشن. ئاسوودەم، خواردنی گەرمیان پێم دا، زۆر باش ئاگادارمان بوون، دوای چەندین ساڵ، رێگەیان دا چاوم بە خێزانەکەم بکەوێت."
 
"من دەڤریم سەرحەدم، دۆخم زۆر باشە، برینپێچی بۆ قاچم دەکرێت، ئێوەش خۆتان رادەست بکەن و بەرەو ژیانی ئازاد وەرن."
 
"من شەڤگەرم، لە پیردۆگان بووم، خۆم رادەستکرد، هەموو خواستێکی منیان بەجێگەیاند."
 
- وەرن! ئەم دەرفەتە لەدەست مەدەن! خۆت بە لێبووردەیی دەوڵەت بسپێرە، باوەڕمان پێبکەن! لە ئەشکەوت وەرە دەرەوە.
 
- بەرلەوەی زۆر درەنگ بێت، هەڵبژێرە کە لەگەڵ ئەزیزەکانت لە ئاشتیدا بژی.
 
بە گوتەی کامەران عوسمان، "هەر دوانیوەڕۆی دوێنێ، تۆپخانەکانی سوپای تورکیا 27 جار تۆپبارانی گوندەکانی سپیندارێ، گرگاشی، مژێ و کەفنەمژێیان لە سنووری قەزای ئامێدی کردووە."
 
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، لە 27ـی شوباتی ئەم ساڵ لە بانگەوازێکدا داوای لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کرد، کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
 
دوو رۆژ دواتر، پەکەکە ئاگربەستی راگەیاند و گوتیشی، پابەندی بانگەوازەکە دەبن، بەڵام پێویستە ئۆجەلان خۆی بەشداری لە کۆنگرەکە بکات.
 
چەندین مانگە حکومەتی تورکیا دەستی بە هەڵمەتێک کردووە کە وەک پرۆسەی چارەسەری سەیر دەکرێت و بۆ ئەو مەبەستەش چەندین دیدار و کۆبوونەوە کراون. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە