بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت شاندێکی هەرێمی کوردستان دەچێتە بەغدا

دوێنێ کاژێر 12:53
سەنگەر عەبدولڕەحمان
سەنگەر عەبدولڕەحمان @sangarrudaw
نیشانەکردن نیوڕۆژ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەمشەو شاندێکی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات و لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق کۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێی هەناردەکردنەوەی نەوت.
 
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، ئەمشەو شاندێکی سێ کەسیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی بەغدا دەکەن و لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق کۆدەبنەوە. ئەگەری هەیە لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانیش کۆببنەوە. دوو لە ئەندامانی شاندەکە هەریەکە لە کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکان و بەیان سامی عەبدولڕەحمان، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانن.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، شاندەکە تاوتوێی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق دەکەن، هاوکات هاوردەکردنی کارەبای زیاتر لە رێگەی تورکیاوە بۆ عێراق تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانیان دەبێت. 
 
لە سەردانی وەزیری وزەی تورکیا بۆ عێراق، بەغدا داوای زیادکردنی ئەو بڕە کارەبایەی کردبوو لە تورکیاوە هاوردەی دەکات. بڕیارە دوای پێداچوونەوە بە هێڵەکانی کارەبای هەرێمی کوردستان و عێراق، بڕیار لەبارەی زیادکردنی بڕی کارەبای هاوردەکراو لە تورکیا بدرێت.
 
یەکشەممە، 16ـى ئادار، شاندێکى باڵاى حکومەتى تورکیا بە سەرۆکایەتیى ئاڵپئارسڵان بایراکتار، وەزیرى وزە و سەرچاوە سروشتییەکانى تورکیا سەردانى عێراق و هەرێمى کوردستانى کرد.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە ئاڵپئارسڵان بایراکتار، وەزیری وزەو سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا و شاندێکی یاوەری کرد."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا "پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیا، بە تایبەتی لە بواری وزەدا تاوتوێ کرا. هەردوولا هاوڕابوون لە سەر نەهێشتنی هەموو ئاستەنگ و بەربەستەکانی بەردەم هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهان لە زووترین کاتدا."
 
هاوکات نووسینگەى رۆژنامەڤانیى سوودانی رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکوەزیران جەختى لەوە کردووەتەوە حکومەتەکەى "هەوڵى زۆر" دەدات بۆ هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان.
 
سوودانى ئاماژەى بەوەداوە، دانوستاندن لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکان بەردەوامە کە گرێبەستیان لەگەڵ حکومەتى هەرێمى کوردستان هەیە بۆ کۆتاییهێنان بە کێشە تەکنیکییەکانى بەردەم هەناردەکردنەوەى نەوت.
 
لە 23ـی ئاداری 2023ـەوە، هەناردەی نەوتى هەرێمی کوردستان و کەرکووک لە رێگەی تورکیاوە وەستاوە، ئەوەش دوای بڕیارێکی دادگەیەکی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق.

شاخەوان عەبدوڵڵا: ئەنجوومەنی وەزیران رێنمایی بۆ یاسای گەڕاندنەوەی زەوییەکان پەسندکردووە

شاخەوان عەبدوڵڵا پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز دەکات و دەڵێت، سێ رۆژ پێش ئێستا ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رێنمایی لیژنەی تایبەتی بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی شۆڕشی هەڵوەشاوە پەسندکردووە و هاوئاهەنگی بۆ جێبەجێکردنی دەکرێت.