رووداو دیجیتاڵ
لە سەرەتای ئەم ڤیدیۆیەدا چیرۆکی ژن و پیاوێک دەبینن کە لە ژوورەکەیاندا چاوەڕوانی ئاگربەست بوون، بەڵام لەپڕ مووشەکێکی رووسیا خانووەکەیان دەکاتە ئامانج و جگە لە گیانی خۆیان، هیچی دیکەیان بۆ نەمایەوە و رەنجی 30 ساڵەی ژیانیان بووە خۆڵەمێش.
بۆردوومانەکەی رووسیا بۆ سەر ناوچەی کۆستانتینیڤکا بوو. ڤیکتۆر سیلین، دانیشتووی ئەو ناوچەیەیە و بە دڵنیا رەحمان، نێردراوی رووداوی گوت، "من پێم وایە ئەگەر ترەمپ پیاوی قسەی راست بێت، دەبێت ئاگربەست سەربگرێت. زۆر کەس پێشنیاز دەدەن، بەڵام بەواتای ئەوە نییە بتوانن جێبەجێ بکەن. سەیری دۆخی ئێمە بکەن!".
بەهۆی بۆردوومانەکەوە بۆ سەر هەرێمی دۆنێتسک لە رۆژهەڵاتی ئۆکراینا، 18 خانوو زیانیان پێگەیشت. هاووڵاتییان دوای بۆردوومانەکە، زوو دەستیان کرد بە نۆژەنکردنەوەی خانووەکانیان، چونکە وەکو خۆیان دەڵێن، هیچ شوێنێکیان نییە بۆی بچن.
ئەلێکساندر بێلۆگۆرۆدکۆ، دانیشتوویەکی دیکە کۆستانتینیڤکایە و دەڵێت: "کەس نازانێت دۆخەکە چی لێدێت، بەڵام خەڵک ماندوو بووە لەم شەڕە. من بۆ ئەمڕۆ نازانم دۆخەکە چۆن دەبێت، بەڵام پێم خۆشە باوەڕ بکەم کۆتایی دێت، ئەوەش ئەستەمە، چونکە کەسێک نییە بڕیاری کۆتایی بدات."
ژنێکی دیکەی دانیشتووی کۆستانتینیڤکا، کە نەیویست ناو و رووخساری ئاشکرا بکرێ، بە توڕەییەوە گوتی: "ئەم خاکە نەفرەتی لێکراوە، ئەوان گاڵتە بە دۆنباس دەکەن لەکاتێکدا ئێرە زۆر سامانداربوو، 20 کۆمپانیای لێ بوو، 108 هەزار کەس لەم ناوچەیە کاریان دەکرد، بەڵام ئێستا لە ناو دۆزەخداین."
لە زۆربەی شارەکانی رۆژهەڵاتی ئۆکراینا، لە پاش کاژێر 08:00ـی شەو، قەدەخەی هاتووچۆ هەیە و زۆربەی گوندەکانی ناوچەکە چۆڵکراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ