رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ساڵانە بە هەزاران تۆن کوتاڵی جلوبەرگ هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت، بەڵام لە مانگی سێ بەهۆی رۆژی جلی نەتەوەیی و جەژنی نەورۆزەوە زۆر زیاتر دەبێ.
هەموو ساڵێک لە 21ـی ئادار کوردی هەر چوار پارچەی کوردستان ئاهەنگی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی دەکەنەوە، بەمەش خواست لەسەر جلوبەرگی کوردی لە پیاوان، ژنان و تەنانەت منداڵانیشدا زیاد دەبێت.
رۆژی چوارشەممە، 19ـی ئاداری 2025، کەمال رەئووف، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ساڵانە بە هەزاران تۆن کوتاڵ لە دەرەوە هاوردە دەکرێن، بەتایبەتی لە مانگی نەورۆزدا خواست لەسەر جلوبەرگی کوردی زۆر بەرزدەبێتەوە، بەڵام ئەم ساڵ بەراورد بە پار کەمی کردووە.
لەبارەی هۆکاری کەمبوونیش گوتی، "بە شێوازێکی گشتی پەیوەندی بە بژێویی خەڵکەوە هەیە، ئەگەر خەڵک لە دۆخی ئابووریی باشبێت و بازاڕ بووژابێتەوە، هاوردەکردنیش زیاد دەکات."
بەڕێوەبەری گشتیی گومرگ هۆکارێکی دیکەی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی، ئەم ساڵ جەژنی نەورۆز کەوتووەتە نێو مانگی رەمەزان.
سێ مانگی سەرەتای پار، نزیکەی دوو هەزار تۆن کوتاڵ هاوردەکرابوو. کەمال رەئووف لە سێ مانگی ئەم ساڵ "هەزار و 740 تۆن هاوردەکراوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ