prev
next
رووداو دیجیتاڵ
هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران سزادراوەکانیان ئاڵوگۆڕ دەکەن و بڕیارە بەم نزیکانە 9 کەس بە لێبووردنی تایبەت ئازاد بکرێن، لیستێکی دیکەش بۆ لێبووردنی تایبەت ئامادە دەکرێت.
ئیحسان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ (چوارشەممە، 2024-03-19) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لێبووردنی تایبەتمان بۆ 9 کەس هەیە و سەرۆکی هەرێمی کوردستان واژۆی کردووە، ئێستا لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانە بۆ ئەوەی بڕیارەکە بدات و ئێمەش رێکار بگرینەبەر."
لە هەرێمی کوردستان، 5700 زیندانی لە 6 چاکسازیدان. ئیحسان عەبدولڕەحمان دەڵێت، ساڵی رابردوو 56 سزادراو بە لێبووردنی تایبەت لە هەرێمی کوردستان ئازاد کراون.
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان، لیستێکی دیکەیان ئامادەکردووە بۆ ئەو سزادراوانەی نەخۆشن تاوەکو ئەوانیش لێبووردنی تایبەت بیانگرێتەوە، ئەو بەرپرسە دەڵێت "لیستەکە 20 بۆ 25 کەسن."
بەشێکی سزادراوەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان لەسەر مادەی هۆشبەر دەستگیرکراون.
ئیحسان عەبدولڕەحمان، ئاماژەی بەوەکرد، بڕیارە ئەوانەی لەسەر مادەی هۆشبەر سزادراون، لە چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستانن رەوانەی ئێران بکرێنەوە، بەپێچەوانەوە ئەوانەی خەڵکی هەرێمی کوردستانن و لە ئێران دەستگیرکراون، رەوانەی هەرێمی کوردستان بکرێنەوە.
هەردوولا ئامادەکارییان کردووە و لیستیان ئامادە کردووە، ئیحسان عەبدولڕەحمان دەڵێت لەگەڵ کۆنسووڵی ئێران لەسەر هێڵن، چوار سزادراویان هەیە لە ئێران وەریدەگرینەوە و هەرێمی کوردستانیش 40 بۆ 50 سزادراو رادەستی ئێران دەکاتەوە، کە زۆربەیان خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانن.
لەوبارەوە؛ هەفتەی داهاتوو لیژنەی هاوبەش لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە، لیژنەکە بڕیار دەدات کەی ئەمانە رەوانە بکرێنەوە، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان گوتی "ھەوڵدەدەین بۆ پێش جەژن رەوانە بکرێنەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ