لە هەفتەیەکدا زیاتر لە 52 هەزار کەس لە دەروازە سنوورییەکانی ورمێ هاتووچۆیان کردووە

19-03-2025
پەیمان محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بریکاری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رێگەوبان و گواستنەوەی پارێزگای ورمێ دەڵێت، لە هەفتەیەکدا زیاتر لە 52 هەزار کەس بە دەروازە سنوورییەکانی پارێزگاکەدا هاتووچۆیان کردووە؛ گوتیشی، ''زۆرترین هاتووچۆ بە دەروازەی سنووریی تەمرچین - حاجی ئۆمەراندا بووە.''
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 19-03-2025، جەواد حەیدەری، بریکاری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رێگەوبان و گواستنەوەی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، ''لە 13ـی ئادارەوە، 52 هەزار و 400 گەشتیاری نێوخۆیی و بیانی بە دەروازە سنوورییەکانماندا تێپەڕیون''.
 
بەگوتەی جەواد حەیدەری لەو ماوەیەدا، زۆرترین هاتووچۆ بە دەروازەی سنووریی تەمرچین - حاجی ئۆمەراندا کراوە، کە 11 هەزار و 818 کەسی پێدا تێپەڕیوە.
 
دوای دەروازەی سنووریی تەمرچین - حاجی ئۆمەران، دەروازەی سێرو دێت بە 9 هەزار و 397 گەشتیار.
 
وەک بریکاری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رێگەوبان و گواستنەوەی ورمێ دەڵێت، لە رێگەی دەروازەی سنووریی رازیشەوە 9 هەزار و 240 گەشتیاری بیانی و نێوخۆیی هاتووچۆیان کردووە، دەروازەی ''بازرگان''ـیش هاتووچۆی 5 هەزار و 856 کەسی لەخۆگرتووە و بە دەروازە سنوورییەکانی دیکەیشدا تێکڕا زیاتر لە 16 هەزار گەشتیار تێپەڕیون.  
 
 لە 13ـی ئادارەوە ''پڕۆژەی نەورۆزە'' لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەستیپێکردووە و سەرجەم بەڕێوەبەرایەتی و دامەزراوە حکومی و خزمەتگوزارییەکان بە مەبەستی پێشوازیکردن لە گەشتیارانی بیانی و نێوخۆیی لە ئامادەباشیی تەواودان کە تاوەکو 4-4-2025 بەردەوام دەبێت.
 
لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان، 6 دەروازەی سنووری هەن کە سێیان (بازرگان، رازی و سێرو) لەگەڵ باکووری کوردستان و تورکیان، دەروازەیەک (سەنەم بۆلاغی پۆلدەشت) لەگەڵ کۆماری خۆبەڕێوەبەری نەخجیڤانی سەر بە ئازەربایجان و دەروازەی تەمەرچین - حاجی ئۆمەرانیش لەگەڵ هەرێمی کوردستانە. هەروەها دەروازەی سنووریی کێلێ، دەروازەیەکی نافەرمیی نێوان پارێزگای ورمێ و هەرێمی کوردستانە و بڕیارە دوو دەروازەی سنووریی دیکەیش لەگەڵ باکووری کوردستان و تورکیا بکرێنەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و مایکڵ واڵتز، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا

مەسرور بارزانی و مایکڵ واڵتز: لە نزیکترین کاتدا هەناردەی نەوتی کوردستان دەستپێبکاتەوە

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا بە تەلەفۆن قسەیان کرد و جەختیان لەوە کردەوە کە پێویستە بە زووترین کات نەوتی کوردستان هەناردە بکرێتەوە و کابینیە نوێی حکومەتیش لە هەرێمی کوردستان پێکبهێندرێت