رووداو دیجیتاڵ
بازاڕێکی شەوانە لە پرۆژەی ئیمپایەری هەولێر کراوەتەوە. دەیان کۆمپانیا و خواردنگە لە بازاڕەکەدا بەرهەمی جۆراوجۆر پێشکێش دەکەن.
سارا لەگەڵ هاوکارەکانی چادرێکیان بە نەریتی کوردی دروستکردووە، ئەو بەرهەمانەی بە دەست و پەنجەی خۆیان نەخشاندوویانە، لەوێ ساخی دەکەنەوە.
سارا سوارە، لەبارەی ماوەی کارکردنی باس لەوە دەکات، "من 8 ساڵە ئەم کارە دەکەم، لە زۆربەی شوێنەکانی هەولێر بەشداریم کردووە، بەتایبەت لە شوێنە گەشتیارییەکان، لە شوێنی تایبەت، بەڵام ئەوەی کە زۆر زۆر سوور بووم لەسەر ئەوەی بەشداری لە ئیمپایەر بکەم، ئەوە بوو کە شوێنەکی جوانی هەیە، شوێنێکە زۆربەی خەڵک دەتوانن سەردانی بکەن. تاکە شوێنیش بوو کە چالاکیم تێیدا نەکردووە، پێمان خۆش بوو بەشداری بکەین. بەڵام ئەوەی کە زۆر گرنگتر بوو بەرێوەبەرانی ئیمپایەر زۆر هاوکار و یارمەتیدەربوون."
مارینا و دایکی لە ئەمریکاوە بە سەردان هاتوونەتە کوردستان، لەو دوورە وڵاتەوە هاتوون تامی دۆڵمەی پیرە هەولێر بکەن.
میرنا ئاشاکا، گەشتیاری ئەمریکییە و لەبارەی فێستیڤاڵەکەوە دەڵێت، "من حەزم لەم فێستیڤاڵەیە، حەزم لەم بۆنەیە، حەزم لەو خەڵکەیە. هەولێر چەند جوانە، زۆر پێمخۆشە کە خواردنی جۆراوجۆر لێرە هەیە، خواردنی رەسەن هەیە لە هەموو کولتوورەکان."
ئەو گەشتیارە دەڵێت، "حەزم لە خواردنی کوردییە، خەڵکی کوردستانم خۆشدەوێت، جلوبەرگیان و هەموو شتێک لە کوردستان."
مانگی رەمەزان مانگی بووژانەوەی گەشتیاری و فێستیڤاڵی شەوانەیە.
عەدنان سەلام، سەردانیکەرە و دەڵێت، "جاری دووەمە دێینە ئێرە، شەوانی رەمەزان زۆر خۆشە، چەند شەو جارێک بۆ شوێنێک دەچین، زۆر خۆشە، سوپاس بۆ خودا."
لاوین لوقمان، یەکێکی دیکەیە لە سەردانیکەران و باس لەوە دەکات، "فێستیڤاڵی لەم شێوەیە بەڕاستی زۆر پێویستە، چونکە وڵاتی ئێمە زیاتر گەنجن، گەنجانیش پێویستیان بەو شوێنانەیە، حەز دەکەن لەو شوێنانە بن، پێویستە لە زۆر شوێنی دیکەی جیا جیای هەولێر هەبێت و ساڵانە بەردەوام بکرێتەوە نەک تەنیا لە مانگی رەمەزان دا."
بازاڕی شەوانی ئیمپایەر رۆژانە لە کاژێر 8ـی ئێوارە تاوەکو کاژێر دووی بەرەبەیان کراوەیە و تاوەکو کۆتایی مانگی رەمەزان بەردەوامدەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ